بەهۆی بەڕێوەبردنی پۆستەکان بە وەکالەت، سوودانی سکاڵا لە دژی پەرلەمان تۆمار دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

دوای جەژنی قوربان دادگەی باڵای فیدراڵی تاوتوێی سکاڵایەکی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دژی سەرۆکی پەرلەمان دەکات، کە تێیدا داوایکردووە مادەی 71ـی یاسای بودجە پەیوەست بە بەڕێوەبردنی پۆستەکان بە وەکالەت هەڵبوەشێندرێتەوە.
 
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی، بڕیارە دادگەی فیدراڵی رۆژی دووشەممە، 24ـی ئەم مانگە تاوتوێی سکاڵایەک بکات لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دژی مادەی 71ـی یاسای بودجەی 2023ـی عێراق و لە دژی سەرۆکی پەرلەمان تۆماریکردووە.
 
سوودانی لە سکاڵاکەیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو مادەیەی کردووە و بە دادگەی گوتووە مادەکە بە نایاسایی بزانێت. 
 
لە مادەی 71ـی یاسای بودجەی گشتیی 2023، 2024 و 2025، پەرلەمانی عێراق حکومەتی پابەندکرد تاوەکو رۆژی 30ـی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، کۆتایی بە کاری بە وەکالەت سەرجەم بەڕێوەبەرەکان بهێنێت و پۆستەکان بە وەکالەت بەڕێوەنەبرێن، حکومەتیشی پابەند کرد سەرجەم دەرماڵەکانی دارایی و دەسەڵاتە کارگێڕییەکان رابگیرێت، ئەگەر دوای ئەو کاتە بەردەوام بێت.
 
بەپێی مادەکە دەبێت حکومەت مانگێک پێشتر ناوی ئەو کەسانەی دەکرێن بە سەرۆکی دەستە سەربەخۆکان و پلەکانی تایبەت و بریکارانی وەزارەت و راوێژکاران رەوانە بکرێن و ئەنجوومەنی نوێنەران لە ماوەی مانگێکدا پەسندیان بکات.
 
سوعاد مالیکی، ئەندامی لیژنەی پلانی ستراتیژیی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "یاسای بودجەی گشتیی حکومەتی بە لابردنی بەڕێوەبەرانی گشتی بە وەکالەتی کۆتایی پێهێناوە، بەڵام حکومەت نایەوێت ئەو کارە بکات، دەبێت پۆستەکان بەڕێوەبەرانی گشتیی رەسەن بەڕێوەیان ببەن."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوایکردووە ماوەی دوو ساڵی پێبدرێت بۆ ئەوەی سەرجەم بەڕێوەبەران و پۆستە بە وەکالەتەکان پڕ بکرێنەوە.
 
بەپێی زانیارییەکان لە عێراقدا زیاتر لە دوو هەزار پۆست بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن، بەشی زۆریان بەڕێوەبەرانی گشتیین، هەرچەند لە مانگی ئایاری 2023، محەممەد شیاع سوودانی، 57 بەڕێوەبەری گشتیی لەسەر کار لابرد، بەشێکیان بەوەکالەت پۆستەکانیان بەڕێوەدەبرد.