مانگانە 906 ملیار دینار لە بەغداوە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت
رووداو - هەولێر
بەپێی یاسای بودجەی عێراق، مانگانە بڕی 775 ملیار دینار بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت و کۆی ئەو پارەیەی بۆ مووچەی مووچەخۆران دێت، دەگاتە 906 ملیار دینار. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان مانگانە دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کاری لەپێشینەی حکومەتیش دابینکردنی مووچە دەبێت."
بەپێی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 16 تریلیۆن و 609 ملیار دینارە. ئەو پارەیەی بۆ مووچەی فەرمانبەران تەرخانکراوە 9 تریلیۆن و 299 ملیار و 513 ملیۆن دینارە. بە دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیە بەسەر مانگەکانی ساڵدا دەردەکەوێت هەموو مانگێک ئەو پارەیەی بۆ مووچەی فەرمانبەران تەرخان دەکرێت 774 ملیار و 959 ملیۆن دینار دەبێت.
مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەپێی رەشنووسی بودجە بەمشێوەیەیە:
- مووچەی فەرمانبەران؛ 9 تریلیۆن و 299 ملیار و 513 ملیۆن دینار
- چاودێریی کۆمەڵایەتی؛ 1 تریلیۆن و 346 ملیار دینار
- مووچەی پێشمەرگە؛ 228 ملیار و 304 ملیۆن دینار
ئەو پارەیەی بۆ مووچەی مووچەخۆران تەرخان دەکرێت، دەگاتە 10 تریلیۆن و 873 ملیار و 817 ملیۆن دینار، بەو پێیە ئەگەر دابەشی مانگەکانی بکەین، مانگانە دەکاتە 906 ملیار دینار.
بە گوتەی ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، مانگانە حکومەت پێویستی بە 912 ملیارە بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. بەو پێیە بێت ئەو کورتهێنانەی لە بڕی پێویستی هەرێمی کوردستان لە مووچەی مووچەخۆران و ئەو پارەیەی مانگانە بۆ ئەو مەبەستە دەینرێت تەنیا 6 ملیار دینارە، چونکە بە وەرگرتنی دوایین مانگ، هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مووچەخۆران کە مانگی نیسانی 2023یە، پێویستی بە 912 ملیار دینار بووە.
خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مانگانە ئەو بەشەی کە دەبێت بەپێی یاسای بودجە بنێردرێت، دەخرێتە سەر هەژماری بانکی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەپێی یاساکەش دەبێت کاری لەپێشینە بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران بێت، ئەوەش وا دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە هەندێک پارەی دیکە بێت بۆ ئەوەی بیخاتە سەر پشکەکەی و مووچەی پێ دابین بکات."
بەپێی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق دەگاتە 16 تریلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن دینار، بەمشێوەیە دابەشبووە:
- خەرجی بەکاربردن؛ 13 تریلیۆن و 428 ملیار و 663 ملیۆن دینار
- خەرجی وەبەرهێنان؛ 2 تریلیۆن و 780 ملیار و 976 ملیۆن دینار
خەرجیی بەکاربردن پێکدێت لە:
- مووچەی فەرمانبەران؛ 9 تریلیۆن و 299 ملیار و 513 ملیۆن دینار
- خانەنشینان؛ 1 تریلیۆن و 346 ملیار دینار
- مووچەی پێشمەرگە؛ 228 ملیار و 304 ملیۆن دینار
- پێداویستیی خزمەتگوزاری؛ 1 تریلیۆن و 786 ملیار و 853 ملیۆن دینار
- پێداویستیی شمەک؛ 453 ملیار دینار
- چاککردنەوە؛ 215 ملیار و 296 ملیۆن دینار
- بەخشین و یارمەتی و سوود و خەرجییەکانی دیکە جگە لە قەرزەکان؛ 328 ملیار دینار دینار
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، 12-6-2023، دوای پێنج رۆژ لە مشتومڕ، پەرلەمانی عێراق گەورەترین بودجەی لەمێژووی خۆیدا پەسندکرد کە زیاتر 199 تریلیۆن دینار(153 ملیار دۆلار) دەبێت.