گالەری

رووداو دیجیتاڵ

زۆنگاوی حەمار بەهۆی سرووشتەکەیەوە سەرچاوەی خێر و بەرەکەتە بۆ دانیشتووانی نزیکی، بەڵام بە گوتەی خەڵکی ناوچەکە، زۆنگاوەکە لەلایەن حکومەت و میدیاکانەوە فەرامۆش کراوە و لە بواری گەشتیاریدا سوودی لێ وەرنەگیراوە. 
 
زۆنگاوی حەمار، گەورەترین زۆنگاوی عێراقە و دەکەوێتە پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق. جگە لەوەی سرووشتێکی ناوازەی هەیە و ژمارەیەکی زۆر باڵندە و ئاژەڵی کێوی تێیدا دەژین، سەرچاوەی بژێویشە بۆ بەشێکی خەڵکی دەوروبەری، کە بە لێکردنەوە و فرۆشتنی قامیش و بەخێوکردنی گامێش و ماسیگرتن، بژێویان لەو سەرچاوە سرووشتییەوە دەستدەکەوێت. 
 
سەید ئەحمەد عیسا، دانیشتوویەکی نزیک لە زۆنگاوەکەیە، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و باسی لەوە کرد چەندین ساڵە لەو زۆنگاوەدا خەریکی راوەماسییە، نەشیشاردەوە لەو هەموو ساڵەی کارکردنیدا، هیچ میدیایەکی نەبینیوە گرنگی بە ناوچەکەیان بدات.
 
سەید ئەحمەد گوتی "ئەم ناوچەیە زۆر دەوڵەمەندە، بەڵام بە داخەوە کەس گرنگی پێی نەداوە، نە لەلایەن حکومەتەوە نە لەڕووی میدیاییەوە. من، زیاتر لە 30 ساڵە لەم زۆنگاوەدا کاردەکەم و دەگەڕێم، هیچ میدیایەکم نەبینیوە کاری لەسەر بکات".