چوارچێوەی هاوئاهەنگی: رێز لە بڕیارەکەی فراکسیۆنی سەدر دەگرین

 
رووداو دیجیتاڵ

چوارچێوەی هاوئاهەنگی (شیعەکان) رایدەگەیێنێت، رێز لە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنی سەدر دەگرن و دەشڵێت، بەردەوام دەبن لە هەنگاونانی پێویست بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی و لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانیش کار دەکەن بۆ بەشدارییەکی فراوان.
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە 13-06-2022 چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ [دووشەممە 13-06-2022] کۆبوونەوەی ئاسایی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەڕێوەچوو، بەمەبەستی تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسی."
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاندووە، "بەردەوام دەبن لە هەنگاونانی پێویست بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی و لە گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرجەم هێزە سیاسییەکان، بۆ تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان و پێکهێنانی حکومەت، کە خزمەتی نیشتمان بکات. پێشتر چوارچێوەی هاوئاهەنگی خوازیار بووە لەگەڵ سەرجەم هێزە سیاسییەکانی دیکە بێت، بەڵام رێز لە بڕیاری فراکسیۆنی سەدر دەگرن، کە دەستیان لە ئەنجوومەنی نوێنەران کشاندەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەیدا چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەوەیشی خستووەتەڕوو، "لە کارکردن لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بەردەوام دەبن، بە شێوەیەک کە بەشدارییەکی فراوان لەخۆبگرێت، لەگەڵ بەدیهێنانی خواست و هیواکانی گەلەکەمان لە ئاسایش و سەقامگیری و ژیانێکی باش و بەهێزکردنی رۆڵ و پێگەی عێراق لە ناوچەکە و جیهاندا."
 
12ى حوزەیرانى 2022 موقتەدا سەدر لە نامەیەکدا کە ئاراستەى حەسەن عەزارى، سەرۆکى فراکسیۆنى سەدری کرد، داواى لێکرد نامەى دەستلەکارکێشانەوەى ئەندامانى فراکسیۆنەکە رادەستى سەرۆکی پەرلەمان بکەن. دوای رادەستکردن، لەلایەن محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان دەستلەکارکێشانەوەکان پەسند کران.
 
موقتەدا سەدر سوپاسى ئەندامانى فراکسیۆنەکەى کرد، بۆ ئەو کارانەى لە ماوەى رابردوودا ئەنجامیان داوە، هەروەها سوپاسى هاوپەیمانەکانى کردووە لە هاوپەیمانیى رزگارکردنى نیشتمان، هەڵوێستەکانیانی بە "نیشتمانى" ناوبردووە.
 
دوای واژۆکردن لەسەر دەستلەکارکێشانەوەکان، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە تویتێکدا لە هەژمارەی تویتەری خۆی ئاماژەی بەوە کرد، "لەسەر داوای سەید موقتەدا سەدر، دەستلەکارکێشانەوەکانی خوشک و برایانی فراکسیۆنی سەدری لە پەرلەمانی عێراقدا پەسند کردووە."
 
محەممەد حەلبووسی دەڵێت، "هەوڵی دڵسۆز و راستگۆیانەمان دا بۆئەوەی سەدر خۆی لەو هەنگاوە لابدات، بەڵام سەدر خواستی ئەوە بوو کە قوربانی بە خۆی بدات، نەک ببێتە هۆی پەکخستن، ئەمەش لەپێناو نیشتمان و گەل، بۆیە لەو بڕیارەدا بەردەوام بوو."