حکومەتی عێراق 13 گرێبەستی بۆ دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت و گاز واژۆ کرد

 
رووداو دیجیتاڵ 

‎وەزارەتی نەوتی عێراق دوای تێپەڕبونی پێنج ساڵ، گەڕی شەشەمی پێدانی مۆڵەتی دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت و گازی بە کۆمپانیاکان بەڕێوەبرد.
 
‎لە ماوەی سێ رۆژ و لە کۆی 29  کێڵگەی نەوت و گاز، 13 گرێبەست واژۆکران.
 
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند: "‎ئەم کێڵگانە ئینشەڵڵا یەدەگی نەوتی زیاد دەکەن. کاری چڕ هەیە بۆ زیادکردنی یەدەگ؛ ئێستا یەدەگی نەوتی نزیکەی 140 ملیار بەرمیلە. توێژینەوەکان دەڵێن، بەم گرێبەستانە بۆ نزیکەی 160 ملیار زیاد دەکات." 
 
‎کۆمپانیای کارگرووپ کە بارەگا سەرەکییەکەی لە هەرێمی کوردستانە، تاکە کۆمپانیای عێراقی بوو؛ لەکۆی 13 گرێبەست، سێیانی بردەوە. ئەوانیش کێڵگە نەوتییەکانی دیما لە عەمارە - ساسان و عەلان لە نەینەوا و کێڵگەی خڵێسیە لە پارێزگای ئەنبار.
 
هاوڕێ مەنسور بەگ، نوێنەری کۆمپانیای کار دەڵێت: "‎سێ پرۆژەی سەرەکیمان وەرگرت، بەڵام یەکێک لە پرۆژەکان دوو کێڵگەی نەوتی تێدایە کێکیان پرۆژەی کێڵگەی نەوتی دیما کە پێشبڕکێیەکە سەختی لەسەر بوو. لەبەرامبەر حەوت کۆمپانیای بەهێزی نێو دەوڵەتی پێشبڕکێمانکرد و بردمانەوە لەو پێشبڕکێیە." 
 
‎لە گەڕی شەشەمی مۆڵەتدان بە کۆمپانیا نەوتییەکان بۆ دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت و گاز 21 کۆمپانیای بیانی بەشداربوون. بە 10 گرێبەست پشکی شێر بەر کۆمپانیاکانی چین کەوت.
 
‎هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ گرینگیدان بە کێڵگە نەوتی و گازییەکانی و زیادکردنی بەرهەمە نەوتیەکان لەکاتێکدایە کە  وا 13 مانگە هەناردە کردنی رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە بەمەش زیانی زیاتر لە 13 ملیار دۆلاری  بە خەزێنەی گشتی گەیاندوە.