لە موسڵ سوودانی لەگەڵ ئەنجوومەنی رۆحانیی کوردانی ئێزدی کۆدەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ شەممە سەرۆکوەزیرانی عێراق لە موسڵ لەگەڵ ئەنجوومەنی رۆحانیی کوردانی ئێزدی کۆدەبێتەوە. راوێژکاری ئەنجوومەنەکە دەڵێت، ژمارەیەک داواکاریی کوردانی ئێزدی دەدەنە محەممەد شیاع سوودانی.
 
ئەمڕۆ شەممە، 13-05-2023، کەریم سلێمان، راوێژکاری ئەنجوومەنی رۆحانیی کوردانی ئێزدی بە رووداوی راگەیاند، بڕیارە پاش کەمێکی دیکە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە سەنتەری شاری موسڵ کۆببنەوە. گوتیشی، "ژمارەیەک داواکاریی کوردانی ئێزدیمان هێناوە و ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی دەکەین."
 
بڕیار بوو ئەمڕۆ شەممە سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی پەرستگەی لالش بکات، بەڵام بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ پەرستگەی لالش هەڵوەشاوەتەوە. پەرلەمانتارێکی عێراقیش ئاماژە بەوە دەکات، سوودانی سەردانی شنگال دەکات.
 
سعود مستۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ لالش ھەڵوەشێندرایەوە و ئەمڕۆ سەردانی شێخان و پەرستگەی لالش ناکات."
 
لەبارەی بەرنامەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ سوودانی سەردانی شنگال، تەلەعفەر و حەمدانیە دەکات."