رووداو - هەولێر
پەرلەمانتارێکی بەسرە ئاشکرای دەکات هەندێک پەرلەمانتاری بەسرە رێککەوتوون پۆستی وەزارەتی نەوت بە 60 ملیۆن دۆلار بفرۆشن، بۆیە داوا لە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران دەکات ئەو "موزایەدە"یە رابگرێت.
مزەفەر ئیسماعیل، نوێنەری پارێزگای بەسرە لە پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سائیروون لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای کردووە ، کەسێکی خەڵکی بەسرە بکرێتە وەزیری نەوت، کە خاوەن ئەزموون و لێهاتووبێت، ئەمەش بەمەبەستی رێگریکردنە لە هەندێک لە حیزبەکان کە دەست بەسەر ئەو پۆستە وەزارییە دابگرن، تەنانەت بە پێدانی ملیۆنان دۆلار بێت، کە ئێستا بەهاکەی گەیشتووەتە 60 ملیۆن دۆلار".
ئەو پەرلەمانتارە کە هاوکات ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەیە دەشڵێت: "بەپێی ئەو زانیاریانەی دزەیانپێکراوە هەندێک لە پەرلەمانتارانی بەسرە رێککەوتوون پۆستی وەزارەتی نەوت بە 60 ملیۆن دۆلار بفرۆشن، ئەو کۆبوونەوەشی پەرلەمانتارانی بەسرە کردوویانە بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو کارە و رەواییدانە بە دیاریکردنی ئەو کەسەی کە لەسەری رەزامەندن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە". بۆیە ئەو پەرلەمانتارە داوا لە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران دەکات ئەو "موزایەدە"یە رابگرێت.
رۆژی سێشەممە، عەبدولئەمیر مەیاحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و نوێنەری پارێزگای بەسرە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی رایگەیاند، تائێستا لە پارێزگاکە نزیکەی 40 کەس خۆیان بۆ پۆستی وەزیری نەوتی عێراق بەربژێر کردووە، کە کەسانی خاوەن ئەزموون و بە توانان.
عەبدولئەمیر مەیاحی، کە هاوکات پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سەنەدی نیشتمانییە گوتی، هەڵبژاردنەکە لەسەر بنەمای پیشەیی، لێهاتوویی و ئەو مەرجانە دەبێت کە لەلایەن نوێنەرانی بەسرە دیاریکراون، کە دەبێت خەڵکی بەسرە بێت، دوو وڵاتینامەی نەبێت، ئەزموونی کارکردنی هەبێت، بەهێز و بەتوانابێت لە بەڕێوەبردنی وەزارەتی نەوت.
عەبدولئەمیر مەیاحی کە هاوکات ئەندامی لیژنەی دەستپاکییە، جەختی لەوە کردەوە کە سەرقاڵی میکانیزمێکن بۆ ئەوەی باشترینیان دیاری بکرێت، بەبێ ئەوەی بەربژێرەکانی دیکە نیگەران ببن؛ لەوبارەیەشەوە رۆژی دووشەممە 11ی ئایار نوێنەرانی بەسرە کۆبوونەوەیەکیان کردووە.
لای خۆیەوە عامر فایز، نوێنەری پارێزگای بەسرە رایگەیاند، لەنێوان نوێنەرانی پارێزگاکە لە پەرلەمانی عێراق بە دەنگدان سێ بەربژێر یەکلایی دەکرێنەوە و پێشکەشی سەرۆکوەزیران دەکرێن بۆ ئەوەی یەکێک لەو سێ بەربژێرە بۆ پۆستی وەزیری نەوت دیاریبکات.
رۆژی 7ی ئایار لەکاتی دەنگدان بە کابینەکەی، مستەفا کازمی بەربژێرانی وەزارەتەکانی نەوت و دارایی پێشکەش نەکرد، بەڵێنی داوە وەزیری نەوت پشکی پارێزگای بەسرە بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ