سوودانی: ئامانجێکی چوونمان بۆ واشنتن راگەیاندنی کاتی کۆتاییهێنانی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت. محەممەد شیاع سوودانی بەر لە سەردانەکە گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، ئامانجێکی سەردانەکەی کارکردن دەبێت بۆ راگەیاندنی کاتی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق.
ئەمڕۆ شەممە، 13ـی نیسانی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا گوتی، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی جۆزێف بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکومی، پەرلەمانی و سەرمایەدارانی کەرتی تایبەت دەچێتە ئەمریکا.
سوودانی رایگەیاند، ئەم سەردانە لە کاتێکی هەستیاردایە بۆ پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا و گوتی، "ئامانج لەم سەردانە، گەیاندنی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکایە بۆ قۆناخێکی نوێ کە زامنی جێبەجێکردنی بڕگە و مادەکانی رێککەوتنی ستراتیژی بکات، بەو جۆرەی لەگەڵ کارنامەی حکومەتەکەمان گونجاو بێت کە جەخت لە چاکسازییەکان لە بوارەکانی ئابووری، دارایی، بانکی و هاوبەشیی ئابووری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان دەکاتەوە".
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، "لە دیدارەکەماندا لەگەڵ جۆ بایدن گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ناوچەکە و زیادبوونی گرژییەکان دەکەین. هاوکات باس لە رۆڵی هاوبەشمان دەکەین، بەتایبەتی دوای رووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر و گرنگیدانمان بە راگەیاندنی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگ و رێگەنەدان بە فراوانبوونی بازنەی ناکۆکییەکان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست".
سەرۆکوەزیرانی عێراق باس لەوە دەکات، "لە دیدارەکەدا تیشک دەخرێتە سەر کاری لیژنەی باڵای سەربازی کە کارەکانی لەنێوان عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی نزیکەی دوو مانگ بەر لە ئێستا دەستیان پێکرد. ئەم گفتوگۆیە زۆر گرنگە کە ئامانج لێی گەیشتنە بە خشتەی کات بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و گواستنەوەی پەیوەندییەکان بۆ ئاستی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لەنێوان عێراق و وڵاتانی ئەندام لەم هاوپەیمانێتییە".