ئەندامێکی لیژنەی دارایی: بۆ مووچەی فەرمانبەران عێراق قەرز دەداتە هەرێمی کوردستان

 
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە دەکەوێتە کۆتایی مانگی ئایار، تاوەکو ئەو کاتەیش حکومەتی عێراق بە قەرز پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت تاوەکو مووچەی فەرمانبەران بدات. ئەو دەنگۆیانەش رەتدەکاتەوە کە باس لە گۆڕینی بەهای دینار دەکەن لە پڕۆژەیاسای بودجە.
 
رۆژی 13ى نیسانى 2023 نەرمین مەعرووف، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "بەگوێرەی ئامادەکارییەکان، پەسندکردنی بودجە دەکەوێتە کۆتایی مانگی ئایار تاوەکو ئەوکاتیش عێراق بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان نانێرێت، چونکە لە بڕگەیەکی پڕۆژەیاسای بودجەدا ئاماژە بەوە کراوە، ماف و پابەندییە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، تاوەکو یاسای بودجە پەسند دەکرێت، تاوەکو ئەو کاتیش حکومەتی عێراق بە قەرز پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی پێ بدات."
 
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەکانی بەردەوامە بە مەبەستی ئامادەکردنی راپۆرتی پڕۆژەیاسای بودجە، پێش ئەوەی خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاساکە بکرێت. دوای پشووەکانی جەژنیش میواندارێتیی وەزارەت و دەستە و پارێزگارەکان بۆ لیژنەکە دەستپێدەکات.
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە گۆڕینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دەکەن لە پڕۆژەیاسای بودجە و گوتی، "بە هیچ شێوەیەک لە گفتوگۆکانی لیژنەی دارایی باس لە گۆڕینی بەهای دینار نەکراوە، بەڵکۆ زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان کۆکن لەسەر ئەو نرخە."
 
رۆژی سێشەممە 7ی شووباتی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دەستکاریکردنی بەهای دیناری دا، بە شێوەیەک 100 دۆلار بدرێتە 130 هەزار دینار بە بانکەکان و بە 132 هەزار دینار بگاتە کۆمپانیاکان، هاوکات لە پڕۆژەیاسای بودجەش بە 130 هەزار دینار جێگیر کرا، کە قەبارەی بودجەکە زیاتر لە 199 تریلیۆن دینارە و بۆ ماوەى ساڵانى 2023، 2024 و 2025 دەبێت.