داعش لە گوندی نەسڕ هێرشیکردە سەر سوپای عێراق

رووداو- هەولێر

چەکدارانی داعش لە باشووری رۆژئاوای شارۆچکەی مەخموور هێرشیان کردە سەر سوپای عێراق و بەرپرسی میحوەری گوێڕ مەخمووری هێزەکانی پێشمەرگەش لەمبارەیەوە دەڵێ: 6 سەربازی سوپای عێراق بەو هۆیەوە برینداربوون.

سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری گوێڕ مەخمووری هێزەکانی پێشمەرگە بە ( تۆڕی میدیایی رووداو) ی راگەیاند "نیوەڕۆی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 13-4-2016 داعش لە گوندی نەسڕی باشووری رۆژئاوای شارۆچکەی مەخموور، هێرشی کردە سەر سوپای عێراق".

بەرپرسی میحوەری گوێڕ مەخمووری هێزەکانی پێشمەرگە گوتیشی:" هێرشەکەی داعش بۆ سەر هێزەکانی سوپای عێراق لە گوندی نەسڕ لەڕێگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕیژکراو بووە و، بەوهۆیە 6 سەربازی سوپای عێراق برینداربوون".

سیروان بارزانی، ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی داعش لەڕێگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕیژکراوەوە هێرشی کردووەتە سەر سوپای عێراق شەڕوپێکدادان لە نێوان داعش و هێزەکەی سوپای عێراق بۆ ماوەی کاژێرێک و نیوی خایاندووە و ئێستاش شەڕەکە کۆتایی هاتووە".

رۆژی 4-4-2016  سوپای عێراق لە سێ قۆڵەوە هێرشی کردە سەر چەکدارانی داعش لە گوندی نەسڕ و، بەڵام دوای چەند کاژێرێک لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی گوندەکە، داعش توانی گوندی نەسڕ بگرێتەوە.