رووداو- هەولێر
چەکدارانی داعش لە باشووری رۆژئاوای شارۆچکەی مەخموور هێرشیان کردە سەر سوپای عێراق و بەرپرسی میحوەری گوێڕ مەخمووری هێزەکانی پێشمەرگەش لەمبارەیەوە دەڵێ: 6 سەربازی سوپای عێراق بەو هۆیەوە برینداربوون.
سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری گوێڕ مەخمووری هێزەکانی پێشمەرگە بە ( تۆڕی میدیایی رووداو) ی راگەیاند "نیوەڕۆی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 13-4-2016 داعش لە گوندی نەسڕی باشووری رۆژئاوای شارۆچکەی مەخموور، هێرشی کردە سەر سوپای عێراق".
بەرپرسی میحوەری گوێڕ مەخمووری هێزەکانی پێشمەرگە گوتیشی:" هێرشەکەی داعش بۆ سەر هێزەکانی سوپای عێراق لە گوندی نەسڕ لەڕێگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕیژکراو بووە و، بەوهۆیە 6 سەربازی سوپای عێراق برینداربوون".
سیروان بارزانی، ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی داعش لەڕێگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕیژکراوەوە هێرشی کردووەتە سەر سوپای عێراق شەڕوپێکدادان لە نێوان داعش و هێزەکەی سوپای عێراق بۆ ماوەی کاژێرێک و نیوی خایاندووە و ئێستاش شەڕەکە کۆتایی هاتووە".
رۆژی 4-4-2016 سوپای عێراق لە سێ قۆڵەوە هێرشی کردە سەر چەکدارانی داعش لە گوندی نەسڕ و، بەڵام دوای چەند کاژێرێک لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی گوندەکە، داعش توانی گوندی نەسڕ بگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ