بانکی ناوەندیی عێراق نرخی خزمەتگوزارییە بانکییەکان زیاد دەکات

13-02-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بانکی ناوەندیی عێراق، نرخی نوێی خزمەتگوزارییە بانکییەکان زیاد دەکات. شارەزایەکی ئابوورییش دەڵێت، بڕیارەکە پێچەوانەی ئاراستەی حکومەتی عێراقە، کە هانی هاووڵاتییان دەدات سیستمی بانکی بەکاربهێنن و پێیوایە سوودمەندی سەرەکی بانکە ئەهلییەکانن.  
 
بەگوێرەی نووسراوی بانکی ناوەندیی عێراق، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ئەم نرخە نوێیانە چەندین خزمەتگوزاری بانکی دەگرێتەوە، لەوانە: کرێی دەرهێنانی کارتی بانکی، کرێی نوێکردنەوە،  گۆڕینی کارتی بانکی، هەروەها کرێی بەڕێوەبردنی هەژمار و پارە راکێشان لە رێگەی ئامێرەکانی ATM.
 
بانکی ناوەندی داوا لە سەرجەم بانکەکان دەکات پابەندبن بەم نرخە نوێیانەوە و لە کاتی ئامادەکردنی خشتەی نرخی خزمەتگوزارییە بانکییەکان رەچاوی بکەن. هەروەها هۆشداری دایە ئەو بانکانەی کە پابەند نابن رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
 
ئەم بڕیارەی بانکی ناوەندی لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ چاکسازی لە کەرتی بانکی عێراق بەردەوامە و ئامانج لێی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و دڵنیابوونەوەیە لە پاراستنی مافی بەشداربووان.
 
نرخی خزمەتگوزارییەکانی (کرێ، رسوومات، باڵانس، باج..هتد)بەم شێوەیە روونکراوتەوە:
 
1-کرێی دەرهێنانی کارتی بانکی نوێ/ نوێکردنەوەی کارتی بانکی بە جێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و تایبەت 15 هەزار .
2-کرێی نوێکردنەوەی کارتی بانکی/ بە جێکردنی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و تایبەت 15 هەزار دینار.
3-کرێی گۆڕینی کارتی بانکی/ بەجێکردنی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و تایبەت 25 هەزار دینار.
4- کرێی بەڕێوەبردنی هەژمار و کرێی مامەڵە لە هەژماری مووچە کە لە پڕۆژەی بەجێکردن مووچە وەردەگرن لە کەرتی گشتی، تایبەت دوو هەزار دیناری مانگانە . 
5-پارەراکێشان لە رێگەی ئامێرەکانی پارە راکێشانی (ATM) لە رێگەی کارتی بانکی (POC) بۆ ئەو کارتە دەرچووانەی کە لە پڕۆژەدان 0.006  بێت و نابێت لە 2000 دینار کەمتر بێت.
6-کرێی پارە راکێشان لە ATM ئامێری پارە راکێشانی بە دیناری بانکی0.004 و نابێت لە هەزار دینار کەمتر بێت.
7-ناردنی پارە بۆ دەرەوەی وڵات (سویفت) 10 دینار بۆ هەر دۆلار بۆ حەواڵەکردنێک جیاوازی نرخی فرۆشی دۆلار، کە سەرجەم خەرجییەکان و باج و رسووماتەکان لە خۆ دەگرێت.
 
بانکی ناوەندیی عێراقی کرێی  خزمەتگوزارییەکانی بەم شێوەیە زیادکردووە:
 
- دەرهێنانی کارتی مووچە بۆ یەکەمجار  لە 10 هەزار دینار کراوەتە 15 هەزار دینار.
- گۆڕینی ماستەر کارت لە کاتی تەواوبوونی ماوەکەی لە 10 هەزار دینار کراوەتە 15 هەزار دینار.
- دەرهێنانی کارتێکی نوێ لە شوێنی کارتێکی تێکچوو یان ونبوو، 25 هەزار دینار.
- کرێی وەرگرتنی مووچە لە رێگەی ماستەرەوە لە هەزار دینار بووەتە دوو هەزار دینار.
- پارە ڕاکێشان لە ئامێرەکانی (POS) لە هەزار دینار کراوەتە دوو هەزار دینار  بۆ هەر ملیۆنێک.
- ئەم هەنگاوەی بانکی ناوەندی نیگەرانی لای بەکارهێنەران دروستکردووە؛ پێچەوانەی هەوڵەکانی حکومەتە بۆ هاندانی مامەڵەی ئەلیکترۆنی.
 
د.نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری و مامۆستای زانکۆی مەعقەل لە بەسرا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-02-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەم هەنگاوەی بانکی ناوەندیی عێراق بە زیادکردنی کرێی خزمەتگوزارییە بانکییەکان گرفت و ئاستەنگ لەبەردەم پرۆسەی بانکی دروست دەکات.
 
ئەو شارەزایەی ئابووری پێیوایە، ئەو رێکارانە وادەکات خەڵک زیاتر پارەی کاش بەکاربهێنن لە دەرەوەی کەرتی بانکی، ئەوەش پێچەوانەی ئاراستەی حکومەتە کە هانی خەڵک دەدات سیستمی بانکی بەکاربهێنن.
 
د.نەبیل مەرسوومی دەڵێت: "سوومەندی سەرەکی بانکە ئەهلییەکانن و خەڵک و بازرگانان سارددەکاتەوە، وایان لێدەکات زیاتر پارەی کاش بەکاربهێنن. "

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە