رووداو دیجیتاڵ
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق هەر سێ یاسای گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان، هەمواری یاسای لێبووردنی گشتیی و باری کەسێتی پەسند کرد.
هەرسێ یاساکە بە یەک پاکێج لە رۆژی 11-1-2025 لە پەرلەمانی عێراق پەسندکران.
سەرۆککۆماری عێراق دوای واژۆکردن، هەر سێ یاساکەی بۆ وەزارەتی داد نارد بۆ ئەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوبکرێنەوە.
رۆژی 04-02-2025، دادگەی باڵای فیدراڵی کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عێراق، فەرمانی راگرتنی جێبەجێکردنی هەر سێ یاساکەی دەرکرد، تاوەکو ئەو کاتەی سکاڵا تۆمارکراوەکان لەسەریان یەکلایی دەبنەوە.
راگرتنی جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتی، نیگەرانی و ناڕەزایی سوننەکانی لێکەوتەوە، چونکە لێبووردنی گشتی یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی سوننەکانە.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 11-02-2025، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، سکاڵاکانی سەر سێ یاساکەی رەتکردنەوە.
جاسم محەممەد عەبوود، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵیى عێراق، بڕیاری دادگەی لەبارەی تانەکانی سەر هەرسێ یاسای لێبووردنی گشتیی، باری کەسی و گەڕانەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنەکانیان خوێندەوە و، راگەیاند، "دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری دا بە رەتکردنەوەی سکاڵاکان بە ژمارەکانی 17 و 18 و 19 و 21 و 23ـی فیدراڵیی ساڵی 2025، بەهۆی ئەوەی مەرجی بەرژەوەندیی تێدا نەبوو. هەروەها فەرمانسالارییەکەشی هەڵوەشاندەوە کە لەلایەن ئەم دادگایە بە ژمارە 3 لە 04-02-2025دەرچوو بوو ، بڕیارەکەش بە زۆرینە لە 11-02-2025 دا دەرچوو".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ