عێراق و چیک لەسەر نەوت رێککەوتن

13-02-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، ئامادەییان بۆ چیک پێشانداوە پێداویستى ئەو وڵاتە لە نەوتى خاو پڕ بکەنەوە. بە گوتەى سەرۆکوەزیرانى چیک لێکتێگەیشتنیان بۆ هاوردەکردنى نەوت واژۆ کردووە.  
 
ئەو گوتانەى سەرۆکوەزیرانى هەردوولا لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەڤانیى هاوبەشیان بوو کە لە پراگى پایتەختى چیک ئەنجامیاندا. محەممەد شیاع سوودانى سوپاسى چیکى کرد لە بەشداریکردن و رۆڵ بینینى لە پاڵپشتیکردنى عێراق لە شەڕى دژ بە داعش لە چوارچێوەى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى.
 
سوودانى گوتى، "دەرفەتى زۆر لە نێوانمان هەیە بۆ بەهێزکردنى هاریکاری و کارى بەردەوام و جەختمان لەسەر پابەندبوون بە بەهێزکردنى لیژنەى هاوبەشى نێوانمان کردەوە بۆ هاریکاریى ئابوورى کە لە نێوان هەردوو وەزارەتى پیشەسازیى عێراق و چیک پێکهێنراوە و راسپاردە ئامادە دەکرێت بۆ ئەوەى دەرفەتى نوێ لە بوارەکانى بازرگانى و وەبەرهێنان و وزە و پیشەسازى بڕەخسێنرێت."
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیى شاندێک گەیشتە پراگ و لەگەڵ پیتەر فیالا، سەرۆکوەزیرانى چیک کۆبووەوە. سوودانی گوتى، "ئامادەییمان دەربڕى پێویستیی چیک لە نەوتى خاو پڕ بکەینەوە و بۆ ئەوە یاداشتێک واژۆ کرا."
 
لەو سەردانەدا شاندى هەردوو حکومەتى عێراق و چیک، لە پراگ رێککەوتنێک و پێنج یاداشتى لێکتێگەیشتنیان واژۆکرد.
 
بە گوێرەى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سوودانى، سەرۆکوەزیرانى چیک گوتوویەتى: "یاداشتێکى فەرمیمان بۆ هاوردەکردنى نەوت لە عێراق واژۆ کردووە و ئەو پرسە بۆ ئێمە گرنگە."
 
پیتەر فیالا ئاماژەى بەوەداوە، کۆمپانیاکانى چیک خواستیان هەیە وەبەرهێنان لە عێراق ببووژێننەوە لە بوارى پترۆ کیمیایی و بەنداو و تاوتوێى دەرهێنانى مادەى لیسیۆم لە عێراق دەکەن.
 
کەرتى سەربازى یەکێکى دیکە بووە لەو پرسانەى کە لە نێوان هەردوو شاندى عێراق و چیک تاوتوێ کراوە.
 
سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، یاداشتێکى لێکتێگەیشتنیان واژۆ کردووە کە تایبەتە بە هاریکارى ئەمنى و بڕیاریانداوە گرێبەستێک لەگەڵ چیک واژۆ بکرێت بۆ چاککردنەوەى ئەو کەرەستە سەربازییانەى عێراق کە دروستکراوى ئەو وڵاتەن و پێویستى عێراقیان بۆ روونکردوونەتەوە بۆ  چەند جۆرێکى چەک و سیستمى بەرگرى بۆ بەهێزکردنى بەرگرى و خۆ پڕچەککردن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە