ئیتاڵیا کۆپییەکی سێ رەهەندی پەیکەری گای باڵدار پێشکێش بە عێراق دەکات
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئیتاڵیا کۆپییەکی سێ رەهەندی پەیکەری گای باڵدار کە پەیکەرێکی ناسراوی ئاشوورییەکان بوو، پێشکێش بە عێراق کرد.
حکومەتی ئیتاڵیا دەڵێت، پێشکێشکردنی هاوشێوەی ئەو پەیکەرە ناسراوە، لە چوارچێوەی گەڕاندنەوەی پارچە شوێنەوارە مێژووییەکانی عێراقە کە لە دوای ساڵی 2003 بردراونەتە دەرەوەی وڵات.
بڕیارە کۆپی پەیکەری گای باڵدار لە مۆزەخانەی شاری بەسرە نمایش بکرێت و دابنرێت.
گینارۆ سانگویلیانۆ، وەزیری رۆشنبیری ئیتاڵیا دەڵێت، "ئیتاڵیا لە پێشەنگی پاراستنی شوێنەواری مێژوویی و کولتووریدایە، چونکە ئەوانە سیمبوولی نەتەوە و مێژووی هەموو وڵاتێکن؛ هەربۆیە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ پەرەپێدانی هاوئاهەنگی نێودەوڵەتی لە بواری پاراستنی شوێنەوارە مێژوویی و کەلەپوورییەکان".
لەدوای دەستبەسەرداگرتنی موسڵ لە ساڵی 2014دا، چەکدارانی داعش ژمارەیەک پەیکەر و شوێنەواری مێژوویی گرنگی دەشتی نەینەوایان تێکشکاند و لەنێوبرد و گای باڵداریش یەکێک بوو لەوان.
گای باڵدار، یەکێکە لە پاشماوە بەجێماوەکانی ئاشوورییەکان و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 883 و 859ی پێش زایین.
گای باڵداری - لاماسۆ بە یەكێك لە سیمبوولەکانی هێز و دلێری و پایەبڵندی لای ئاشورییەكان دادەنرا. لای ئەوان بۆ پاراستنی شارەكان و كۆشكەكان و پەرستگەكان بەكاردەهات.