کاردانەوەکانی رەتکردنەوەی بەربژێربوونی هۆشیار زێباری بۆ سەرۆککۆمار


رووداو - بەغدا

بۆ یەکەمجار لە مێژووی عێراقدا، دادگەی فیدراڵی شیاوبوونی یەکێک لە بەهێزترین بەربژێرانی سەرۆکایەتیی کۆماری رەتکردەوە. هۆشیار زێباری، تاکە بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان کە بەربژێربوونی رەتکرایەوە، ئەو بڕیارەی باڵاترین دادگەی عێراق بە سیاسی دەزانێت.

ھۆشیار زێباری دوای بڕیارەکەی دادگە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا قسەی کرد، گوتی، "بێگومان پێداچوونەوەیەکی پێویستە، ئێمە ھەڵسەنگاندن بۆ رەوشەکە دەکەین، سبەینێش کۆبوونەوەیەکمان ھەیە بۆئەوەی ھەڵسەنگاندن بۆ ھەموو بژارەکانی خۆمان بکەین".

بە پێچەوانەی بێدەنگیی رەوتی سەدر و هاوپەیمانیی سەروەری، کە هاوپەیمانانی سەرەکیی پارتی دیموکراتی کوردستانن، چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی کرد و رێککەوتنی پارتی و یەکێتی لەسەر بەربژێرێکی ناحیزبی، بە "باشترین چارەسەر" بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە دەزانێت.

عەقیل رودەینی، ئەندامی ھاوپەیمانیی نەسر، کە بەشێکە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئاماژە بەوە دەکات کە "رەنگە بۆچوونەکان بەرەو رزگار محەممەد ئەمین بێت، وەکو بەربژێری ھاوبەش لەنێوان ھەردوولا، مەبەستم پارتی و یەکێتییە، ئێستا ئێمە بەرەو ئەوە دەچین کە سەرۆککۆمار بە رێککەوتن دابنرێت زۆر باشترە و نزیک بێت لە ھەردوو حیزب، نزیکیش بێت لە ھەموو فراکسیۆنە سیاسییەکانی دیکەش".

ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و سکاڵای یەکێتی لە بەربژێرەکەی پارتی، دووبارە کردنەوەی دەرگەی ناونووسکردنی بەربژێرانی بۆ ئەو پۆستە لێکەوتەوە. ئێستا ناوی زیاتر لە 37 بەربژێر لەبەردەم لایەنەکانە، تاوەکو لەنێویاندا کەسێک بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار هەڵبژێرن.