سوودانى: پار هەناردەى بەریتانیا بۆ عێراق یەک ملیار دۆلارى تێپەڕاندووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق دەڵێت، هاوبەشییان لەگەڵ بەریتانیا لە چەندین بوارى جیاوازدا کردووە، لەوانە ژێرخان، وزە، تەکنەلۆژیا، پیشەسازی و بەرگرى، کە بەهاکەى سێ ملیار دۆلارى تێپەڕاندووە.
محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە گوتارێکدا کە لە رۆژنامەى تێلیگرافى بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەى بەوە داوە، هەناردەى بەریتانیا بۆ عێراق لە ساڵى 2024 یەک ملیار دۆلارى تێپەڕاندووە، کە 6.4%ى لە ساڵى 2023 زیاتر بووە، 36%ى ئەو هەناردەیە کاڵا و شتومەک بووە و 37%ى خزمەتگوزاری بووە.
لە گوتارەکەیدا سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوەش داوە، کۆمپانیا بەریتانییەکان رۆڵى سەرەکییان هەبووە لە پەرەپێدانى چەندین کێڵگەى نەوتى وەکو رومێلە و کەرکووک، بەم دواییەش رێککەوتنێکى نوێ لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانیا بەریتانییەکان کراوە بۆ بونیاتنانى پڕۆژەیەکى سەرەکیى گاز و شیاندنەوەى چەند کێڵگەیەکى سەر بە کۆمپانیاى نەوتى باکوور و ژێرخانى فراوانى پیشەسازیى نەوت.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 13-01-2025 محەممەد شیاع سوودانی، لەسەر بانگهێشتێکی فەرمیی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.
سەرۆکوەیرانى عێراق دەڵێت، "لەم سەردانەدا چەندین پڕۆژەى سەرەکى رادەگەیێندرێن، کە تایبەتن بە کۆمپانیا بەریتانییەکان بە بەهاى ملیاران دۆلار."
سوودانی لەو سەردانەدا لەگەڵ شا چارڵسی پاشای بەریتانیا و کییەر ستامەری سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.
محەممەد شیاع سوودانى رایگەیاند، هەوڵ دەدەن سوود لە ئەزموونى بەریتانیا وەربگرن لە بوارى پیشەسازى، بەرگرى و سەربازی بۆ بەهێزکردنى توانای عێراق لەو بوارانەدا.