نێچیرڤان بارزانی لەبارەی پرسی مووچە بۆ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق: رۆڵی خۆتان ببینن

دوێنێ کاژێر 12:38
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
کۆبوونەوەی نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەحموود مەشهەدانی، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق لە بەغدا
کۆبوونەوەی نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەحموود مەشهەدانی، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق لە بەغدا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە، یەکێک لەو تەوەرانەی لە کۆبوونەوەکەدا باسیان کرد پرسی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بوو. نێچیرڤان بارزانی داوای کرد، لەو پرسەدا پەرلەمانی عێراق رۆڵی خۆیان ببینن.
 
لە چوارچێوەی به‌رنامه‌ى سەردانه‌كه‌يدا بۆ بەغدا، به‌يانيى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 13-01-2025 نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەحموود مەشهەدانی، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق کۆبووەوە.
 
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی هەولێر له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌کان تاوتوێ کرا و جه‌خت له‌ گرنگيی بەهێزکردنی هاوکاری بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەپێی دەستووری عێراق، كرايه‌وه‌؛ هەردوولاش هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێويستيى پەرەپێدانی هاريكاريى هاوبه‌ش، بە شێوەیەک کە یارمەتيی سەقامگیری و گەشەسەندن لە وڵاتدا بدات.
 
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگيی رۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەهێزکردنی دیالۆگی نیشتمانی و دەستەبەرکردنی دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى وڵات، به‌تايبه‌تى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، کردووەتەوە.
 
 
له‌وباره‌یه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی داوای له‌ سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران کرد، "له‌ هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ی فیدراڵیدا بۆ ساڵی 2025 رۆڵی خۆیان ببینن، به‌ جۆرێک که‌ دادپه‌روه‌ری له‌ ده‌ستبه‌رکردنی ماف و شایسته‌ داراییه‌کانی هه‌رێمی کوردستاندا بکات،‌ به‌تایبه‌تی پرسی دابینکردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان، وه‌کو هه‌موو ‌عێراق."
 
له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هەردوولا پەرەسەندنەکانی دۆخی ناوچه‌كه‌ و گۆڕانگارييه‌كانى سووريايان تاوتوێ کرد، جەختيان لەسەر گرنگيی هەماهەنگيی نێوان هەموو لایەنەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارييه‌كان كرده‌وه‌.
 
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە 12-01-2025 نێچیرڤان بارزانی گەیشتە بەغدا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی لێکرد، دواتر پێکەوە بەشدارییان لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا کرد.
 
جگە لە سوودانی، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ جاسم محەممەد عەبود، سەرۆکی دادگەی فیدراڵیی عێراق و حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر کۆبووەوە. هەر ئەمڕۆ، لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و بەرپرسانی دیکەی عێراق کۆدەبێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە