نێچیرڤان بارزانی و عەبادی باسیان لە بەهێزکردنی هاوکاریی نێوان هەولێر و بەغدا کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر کۆبووەوە و چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد.
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له‌ چوارچێوه‌ى به‌رنامه‌ى سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ به‌غدا، پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 13-01-2025 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ د. حەیدەر ئه‌لعەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانيی نەسر کۆبووەوە.
 
لە دیدارەکەدا باس لە بەهێزکردنی هاوکاريی نێوان هەولێر و بەغدا کرا، هەروەها داكۆكييان له‌ پێویستيی کاری هاوبەش كرده‌وه‌ بۆ چارەسەرکردنی پرسە نیشتمانییەکان، بە شێوەیەک کە سەقامگیريی وڵات و مافی هەموو پێکهاتەکانی دەستەبەر بکات، ئەمەش وەکو لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە.
 
له‌ دوا ته‌وه‌رى كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادیدا، دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه و لێكه‌وته‌كانى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌يان خسته‌ به‌ر باس.
 

 
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە 12-01-2025 نێچیرڤان بارزانی گەیشتە بەغدا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی لێکرد، دواتر پێکەوە بەشدارییان لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا کرد.
 
جگە لە سوودانی، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆکی دادگەی فیدراڵیی عێراق و سەرۆکی پەرلەمانیش کۆبووەوە. هەر ئەمڕۆ، لەگەڵ لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و بەرپرسانی دیکەی عێراق کۆدەبێتەوە.