رووداو - بەغدا
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی لە بەغدایە؛ وێستگەی یەکەمی سەردانەکەشی بەشداریکردن بوو لە کۆبوونەوەی 3 کاژێریی هاوپەیمانى بەڕێوەبردنى دەوڵەت. کێشەی مووچەی فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بووە، جەخت لەوە کراوەتەوە لە رێگەى گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن دەکرێت چارەسەر بکرێت.
لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا؛ تەڵاڵ زوبەیعی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی سەدارە دەڵێت، "بە دڵنیاییەوە سەردانێکی ئەرێنییە و پێشبینی دەکەم کاریگەریی ئەرێنیی هەبێت لە چارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشانەی لە رابردوودا هەڵپەسێردراون، هیوادارین ئەم سەردانە دووبارە ببێتەوە و هاوپەیمانیی راستەقینە هەبێت لەپێناو چارەسەرکردنی ئەو کێشانە و هەموو کێشەکان کە پێکهاتەکان بەدەستیەوە دەناڵێنن."
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، "پرسمان زۆرە، بەتایبەت یاسای لێبووردنی گشتی، دەبێت چارەسەر و گفتوگۆ هەبێت بۆ ئەم یاسایە و پرسی گەڕانەوەی موڵک لە کەرکووک دەبێت لەم رۆژانەدا چارەسەر بکرێت و پرسی باری کەسی؛ سێ یاسای گرنگن کە دەبێت رێککەوتنیان لەسەر بکرێت لەناو ئیدارەی دەوڵەتدا، بەڕێز [نێچیرڤان] بارزانی لەم کۆبوونەوە گرنگەدا ئامادە دەبێت."
لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق، سەرۆکی دادگەی فیدراڵی و بەرپرسانی شیعە، نێچیرڤان بارزانی جەخت لە پێویستیی جێبەجێکردنی خاڵەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان لە رێککەوتنی پێکهێنانی کابینەی ئێستای عێراق دەکات.
فراس مسلماوی، پەرلەمانتار لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوە کرد، "پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بە هەموو مانایەکی ئەرێنییە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هەندێک لەمپەر هەن سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجە و هەناردەکردنی نەوت هەندێک پرسی هەڵپەسێردراو هەن کە شەقامی عێراقی چاوەڕێیان دەکات کە لە دەستووری عێراقدا هاتووە، وەکو یاسای نەوت و گاز، بۆ هەموو ئەم پرسانە پێویستە پەیوەندی بەردەوام هەبێت لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی. پێشوازی لە گفتوگۆ و پەیوەندیکردن دەکەین، چونکە ئەوە بەسە بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی هەرێم دەبنەوە بەدیاریکراوی، یان ئەو هەڕەشانەی رووبەڕووی عێراق دەبنەوە."
پرسی بودجە و مووچە، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کێشەکانی پەیوەست بە ناوچەکانی ماددەی 140 و کێشەی تازەخولقێندراوی بازرگانی لەنێوان هەولێر و بەغدا، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆ و دانوستاندنەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانن لە بەغدا.
سەردان و کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لە کاتێکدایە، هەمواری یاسای بودجە کە بە کلیلی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەی بودجە و مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان دادەندرێت، لەبەردەستی پەرلەمانتارانە و رێککەوتنێکی سیاسی بەسە بۆئەوەی پاڵپشتیی یاسایی بەدوادا بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ