رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لە عەباس رازی عامری، بەڕێوەبەری پەیمانگای عێراقی بۆ دیالۆگ وەرگرت، بۆ بەشداریکردن لە حەوتەمین دیالۆگی نێودەوڵەتیی بەغدا کە بڕیارە لە مانگی شوباتی داهاتوو لە بەغدا لەژێر دروشمی "پەیوەندی بۆ گەشەپێدان و سەقامگیریی هەرێمایەتی" ببەسترێت.
نووسینگەی راگەیاندنی پەیمانگای عێراقی بۆ دیالۆگ لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی کردووەتەوە کە "دیالۆگی نێودەوڵەتیی بەغدا دەرفەتێکی ناوازە دەڕەخسێنێت بۆ نوخبەکانی ناوخۆیی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی تاوەکو بژارە ستراتیژی و بڕیارە چارەنووسسازەکان تاوتوێ بکەن کە بەشدارن لە بەهێزکردنی سەقامگیری و گەشەپێدان لە ناوچەکەدا".
هەروەها ئاماژەی بە "گرنگیی لەئامێزگرتنی عێراق بۆ ئەم رووداوە" کردووە و بەستنی لە بەغدا بە "رەنگدانەوەی رۆڵی سەرەکیی عێراق لە گفتوگۆی فیکری و سیاسی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی" لەقەڵەم داوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە دەستی بە دیدار و کۆبوونەوەکانی لە بەغدا کرد و لە یەکەم کۆبوونەوەیدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە،
نێچیرڤان بارزانی هەر لە بەغدا لەگەڵ جاسم محەممەد عەبوود، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی سەرکەوتن، موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم، عەبدوللەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی بنەمای عێراقی، فائیق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکاندا پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و رێکارەکانی رێکخستنی پابەندییە هاوبەشەکانیان تاوتوێکرا، لەگەڵ دۆخی ناوچەکە و کاریگەرییەکانی لەسەر عێراق.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئێوارەی یەکشەممە یەکشەممە گەیشتە بەغدا و بەشداریی لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کرد و جەختی لەسەر مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە، ستایشی رۆڵی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەوڵەکانی کرد لە "بەدیهێنانی لێکتێگەیشتن لە نێوان هەولێر و بەغدا".
پەیمانگای عێراقی بۆ دیالۆگ دامەزراوەیەکی ئەکادیمی و فیکری و توێژینەوەییە، گرنگی بە توێژینەوە و پلاندانانی ستراتیژی دەدات، لە ساڵی 2003 دامەزراوە. دروشمەکەی بریتییە لە "بنەما بۆ دروستکردنی دەوڵەت دادەنێین".
پەیمانگاکە لە ساڵی 2017 کۆنفرانسی دیالۆگی نێودەوڵەتی لە بەغدا بەڕێوەدەبات، یەکەم کۆنفرانسی لە ژێر ناوی "بژاردەکانی دوای سەرکەوتن" رێکخست. دوایین کۆنفرانسیشی لە 24ی شوباتی 2024 لە ژێر ناوی "دۆزینەوەی پەیوەندی هەرێمی و ناوەندێتی عێراق" رێکخست، کە دوو رۆژ بەردەوام بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ