نێچیرڤان بارزانی لە بەغدا؛ هەوڵە چڕەکان لەپێناو ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان

15 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی دووشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکان و سەرکردەی پارتە سیاسییەکانی عێراق ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی جەختی لە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی کردەوە. 
 
لەدوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەکانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی ئێکس رایگەیاند: "خۆشحاڵ بووم بە دیدار لەگەڵ برا سەركردە و بەرپرسەكان لە بەغدا. لەم چوارچێوەیەدا، جەخت لەسەر پابەندبوونی هەمیشەییمان دەكەینەوە بۆ پشتگیریكردنی عێراقێكی سەقامگیر كە دادپەروەری مسۆگەر بكات و پابەندییەكانی دەوڵەت بەرامبەر بە هەموو پێكهاتەكانی جێبەجێ بكات."
 
نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت: "جەخت لەسەر خواستمان دەكەینەوە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لە نێوان هەولێر و بەغدا، بە شێوەیەك كە بەرژەوەندی گشتی بەدی بهێنێت و بنچینەیەك دابنێت بۆ داهاتوویەكی پڕ لە گەشەسەندن و سەقامگیری." 
 
كۆبوونه‌وه‌ى هاوپه‌يمانيى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت
 
دوای گەیشتنی بۆ بەغدا، نێچیرڤان بارزانی بەشداریی لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کرد.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ ماف و شايسته‌ ياسایى و ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ستايشى رۆڵى به‌ڕێز سه‌رۆكوه‌زيران سوودانى كرد كه‌ له‌ ماوه‌ى ساڵى رابردوودا كارى كردووه‌ بۆ لێكگه‌يشتنى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هيواى خواست هه‌موو پرسه‌كان به‌ گفتوگۆ، چاره‌سه‌ر بكرێن."
 

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، جەخت له‌ پێویستيى‌ پشتگيريى هەموو لایه‌نه‌كان بۆ جێبەجێکردنی به‌رنامه‌ى حکومه‌ت له‌ هه‌موو بواره‌كاندا كرايه‌وه‌، هه‌روه‌ها پشتگیرى له‌ چاکسازییە دارایی و ئابوورییەکانى حکوومەت كرا‌.
 
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت، بە ئاماژەدان بە بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکە، رایگەیاند، "هیچ هەڵوێستێکى سیاسی بەرامبەر دۆسیەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان نییە و ئەوەى هەیە پرسێکى تەکنیکییە کە دەکرێت رێککەوتنی لەسەر بکرێت."
 
نێچیرڤان بارزانی و سوودانی: پابەندییەکانی نێوان هەردوو حکومەت بە باشترین رێگە رێکبخرێن
 
رۆژی دووشەممە نێچیرڤان بارزانی دەستی بە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسان و سیاسەتمەدارانی عێراق کرد، یەکەم کۆبوونەوەشی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەکە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "گفتوگۆ لەسەر پەرەسەندن و پێشهاتە نوێیەکانی سه‌ر ئاستى عێراق و ناوچەکە کرا، هەروەها جه‌خت لە پێویستيی پشتگیريكردنی حکومەتی فیدراڵ و سەرخستنی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومی کرايه‌وه‌، بە شێوەیەک کە دەستەبەری بەدیهێنانی خواستەکانی هاووڵاتيیان لە سەرانسەری وڵات بکات."
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و سوودانی راشیگەیاند: "گفتوگۆ لەسەر پرسە خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیدار بە بەرژەوەنديی هاووڵاتییان کرا و باشترین رێگەکان بۆ رێکخستنی پابەندييه‌كانى نێوان حکومەتی فیدراڵ و حكومه‌تى هەرێمى كوردستان، بەپێی بنەماکانی دەستوور و یاسا، تاوتوێ كران."
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی کۆبووەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، باس لە "باشترین" رێگە بۆ رێکخستنى پابەندییەکانى نێوان هەردوو حکومەتى فیدراڵى و هەرێمى کوردستان کراوە کە بە گوێرەى دەستوور و ئەوە بێت لە یاسای بودجەى گشتیى بڕیارى لێدراوە.

 

 
'ناکۆکییەکان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن'
 
کۆبوونەوەی دواتری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جاسم محەممەد عەبود، سەرۆکی دادگەی فیدراڵیی عێراق بوو، کە لە دادگەی فیدراڵی کرا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى بۆ رۆڵى گرنگى دادگەى فيدراڵى له‌ کردن و سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و هاوكارى و يارمه‌تيدانى له‌ چاره‌سه‌ركردنى پرسه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌تايبه‌تيش له‌ پرسى مووچه‌ و شايسته‌ داراييه‌كاندا دووپاتكرده‌وه‌، هه‌روه‌ها رۆڵى دادگەى له‌ پاراستنى پرۆسه‌ى ديموكراسى له‌ وڵات، به‌رز نرخاند.
 
نێچیرڤان بارزانی داوایەک لە مەشهەدانی دەکات
 
مەحموود مەشهەدانی، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق یەکێکی دیکە بوو لەوانەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵی کۆبووەوە. 
 
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی هەولێر له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌کان تاوتوێ کرا و جه‌خت له‌ گرنگيی بەهێزکردنی هاوکاری بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەپێی دەستووری عێراق كرايه‌وه‌؛ "هەردوولاش هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێويستيى پەرەپێدانی هاريكاريى هاوبه‌ش، بە شێوەیەک کە یارمەتيی سەقامگیری و گەشەسەندن لە وڵاتدا بدات."
 
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگيی رۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەهێزکردنی دیالۆگی نیشتمانی و دەستەبەرکردنی دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى وڵات، به‌تايبه‌تى كێشه‌كانى هه‌ولێر - به‌غدا، کردووەتەوە.
 
له‌وباره‌یه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانی داوای له‌ سه‌رۆکی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران کرد، "له‌ هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ی فیدراڵیدا بۆ ساڵی 2025 رۆڵی خۆیان ببینن، به‌ جۆرێک که‌ دادپه‌روه‌ری له‌ ده‌ستبه‌رکردنی ماف و شایسته‌ داراییه‌کانی هه‌رێمی کوردستاندا بکات،‌ به‌تایبه‌تی پرسی دابینکردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان، وه‌کو هه‌موو ‌عێراق."
 
نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ عەبادی باس لە بەهێزکردنی هاوکاریی هەولێر و بەغدا دەکات 
 
نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ د. حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانيی نەسریش کۆبووەوە. بەپێی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەدا باس لە بەهێزکردنی هاوکاريی نێوان هەولێر و بەغدا کرا، هەروەها داكۆكييان له‌ پێویستيی کاری هاوبەش كرده‌وه‌ بۆ چارەسەرکردنی پرسە نیشتمانییەکان، بە شێوەیەک کە سەقامگیريی وڵات و مافی هەموو پێکهاتەکانی دەستەبەر بکات.
 
 
له‌ دوا ته‌وه‌رى كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادیدا، دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه و لێكه‌وته‌كانى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌يان خسته‌ به‌ر باس.
 
هەموارکردنەوەی یاسای بودجە
 
نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانيی عەزم هەموارکردنەوەی یاسای بودجە تەوەری کۆبوونەوەیان بوو.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "هەردوولا دۆخی سیاسیی وڵات و چۆنیه‌تیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانيان تاوتوێ كرد، بەشێوەیەک کە یارمەتيی سەقامگیريی عێراق بدات و کاری هاوبەش بۆ چارەسەرکردنی كێشه‌کان پەرە پێبدات."
 
 
هەروەها هەردوولا تیشکیان خسته‌ سه‌ر هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ و جەختیان لەسەر پێویستيی پاراستنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی عێراق و دەستەبەرکردنی یەکسانی لە نێوانیاندا کردەوە، بە شێوەیەک کە پێکەوەژیانی ئاشتیيانە بەهێز بکات و گيانى دادپەروەری وه‌ک لە دەستووری عێراقدا هاتووە، بەرجەستە بکات.
 
نێچیرڤان بارزانی و لەتیف رەشید جەخت لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران دەکەنەوە
 
دیدارێکی دیکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ د. عەبدوللەتیف جەمال رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بوو لە کۆشکی رەشید لە بەغدا. 
 
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا دۆخی سیاسی، ئەمنی و ئابووریی وڵات، پەیوەندییەکانی نێوان دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و هەرێمی کوردستان و دوایین پێشهاته‌کانی ناوچه‌که‌ تاوتوێ کران.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیی به‌رده‌وامیی گفتوگۆی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کانی هه‌رێمی کوردستان و ده‌سه‌ڵاتداره‌ فیدراڵییه‌کان، تێپەڕاندنی خاڵە ناکۆکەکان بەپێی یاسا و دەستوور و دابینکردنی شایستە و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرده‌وه‌.
 
سەرۆکایەتی کۆماریش راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردووەتەوە، رایگەیاندووە، دوایین پێشهاتی سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان لە گۆڕەپانی ناوخۆ و ناوچەیی تاوتوێ کران، هاوکات پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان تەوەرێکی دیکە بوو.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی کۆمار، جگە لە کۆبوونەوەی نێوان نێچێرڤان بارزانی و د. لەتیف رەشید، کۆبوونەوەیەکی فراوان بەڕێوەچوو کە وەفدی یاوەری نێچیرڤان بارزانی ئامادەی بوون، لەو کۆبونەوەدا سەرۆککۆمار ئاماژەی بە گرنگی سەردانەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی هاوبەش و پتەوکردنی بناغەی دیالۆگی بنیاتنەر و کاریگەر لە نێوان هەردوولا بۆ چارەسەرکردنی کێشە و  ناکۆکیەکان و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی هاووڵاتیان کردووە.
 
 
یەکخستنی هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان
 
لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی دووەم رۆژ لە بەغدا، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانيی دەوڵەتی یاسا كۆبووه‌وه‌.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدايان بەپێی دەستووری عێراق تاوتوێ کردووە؛ لەوباره‌يه‌وه‌ هاوڕا بوون لەسەر گرنگيی پابەندبوون بە دەستوور بۆ دەستەبەرکردنی مافی هەموو پێکهاتەکانی عێراق.
 
لە ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسیان لە پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌، به‌تايبه‌تى دۆخى سووريا كرد؛ تيشكيان خسته‌ سه‌ر ئه‌گه‌ر و لێكه‌وته‌كانى دۆخى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست له‌سه‌ر عێراق و ناوچه‌كه‌ و، له‌وباره‌يه‌وه‌ داكۆكييان لەسەر گرنگيی کاری هاوبەش بۆ پاراستنی ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات كرده‌وه‌.
 
'لە بودجە دا مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان مسۆگه‌ر بکرێت'
 
کۆبوونەوەیەکی دیکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئەساس و جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بوو.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کۆبوونه‌وه‌که‌دا، دۆخی سیاسیی عێراق و په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵییه‌کان تاوتوێ کران و گرنگیی هاوکاریی نێوان لایەنە سیاسییەکان بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و بەدیهێنانی گەشەپێدان لە عێراق، دووپات کرایەوە‌.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ بۆ ساڵی 2025 به‌ شێوه‌یه‌ک بێت که‌ هه‌موو ماف و شایسته‌کانی هه‌رێمی کوردستان و مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی کوردستان، بێ کێشه‌ و به‌ربه‌ست، مسۆگه‌ر بکرێت.
 
کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان درێژەیان هەبوو، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ عەبدولسادە ئه‌لفرێجی، ئەمینداری گشتيی هاوپەیمانيی نەهجی نیشتمانی، کۆبووەوە.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دۆخى گشتيى عێراقيان تاوتوێ كرد و داكۆكييان له‌ گرنگيی بەهێزکردنی هاوکاريی سیاسی كرده‌وه‌، بە شێوەیەک کە یارمەتيی بەدیهێنانی سەقامگیری و پێشکەوتن لە عێراق بدات."
 
هه‌ردوولا باسیان لە دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه و لێكه‌وته‌كانى كرد و هاوڕا بوون له‌سه‌ر پێويستيى بره‌ودان به‌ هاريكاريى نێوان لایەنە سياسييه‌كان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئاڵنگارييه‌كان. 
 
'ناکۆکییەکان لە بەرژەوەندیی گەلی عێراق تێپەڕن'
 
لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هادی عامری، ئه‌مینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، کۆبووەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هاوکاريی سیاسی و ئەمنيی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کرا و "تيشك خرايه‌ سه‌ر گرنگيى کاری هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارييانه‌ى بۆ عێراق پێشهاتوون، له‌مباره‌يه‌وه‌ جەختيان لەسەر بەهێزکردنی گفتوگۆى نێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان کرده‌وە بۆ بەدیهێنانی دیدگایەکی نیشتمانيی هاوبەش کە خزمەتی سەقامگیری و پێشکەوتنی وڵات بکات".
 
ئەوەش هاتووە، "هه‌روه‌ها هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى بەردەواميی هاريكاريى هاوبه‌ش و هەماهەنگيی نێوان لایەنە عێراقییەکان بۆ دەستەبەرکردنی ته‌بايى و پته‌وكردنى گيانى نیشتمانی و تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان بە شێوەیەک کە بەرژەوەنديی گەلی عێراق به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌ بپارێزێت".
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوايين پێشهات و پەرەسەندنەکانی دۆخی ناوچەکە، بەتایبەتى گۆڕانگارييه‌كانی سووریا و کاریگەرى لێكه‌وته‌كانى، له‌گه‌ڵ چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بووە.
 
'ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى رۆڵى خۆى له‌ دابينكردنى شايسته‌ داراييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بگێڕێت'
 
له‌ درێژه‌ى ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانيدا له‌ به‌غدا، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه نێچيرڤان بارزانى،‌ سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەريی عێراق، کۆبووەوە.
 
ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بيروڕايان ده‌رباره‌ى دۆخى عێراق به‌گشتى گۆڕييه‌وه‌ و گرنگيی رۆڵی دەسەڵاتی دادوەری لە چارەسەرکردنی كێشه‌كانى وڵاتدا، به‌تايبه‌تيش كێشه‌كانى نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوتوێ کران." 
 
وەکو لە راگەیێندراوەکە دا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگيى رۆڵی ئه‌نجوومه‌نى دادوه‌ريى عێراق بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى دادپەروەری و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە پشتبەستن بە دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان کردەوە، بە شێوەیەک کە خزمەتی بەرژەوەندی و سەقامگیريی وڵات بکات.
 
هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ "به‌ڕێزيان سوپاس و پێزانينى بۆ رۆڵى ئه‌نجوومه‌ن و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ريى عێراق له‌ پشتگيرى و سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و ستايشى كار و رۆڵى كۆمیسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنى عێراقى كرد. هه‌روه‌ها داواى كرد ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى رۆڵى خۆى له‌ دابينكردنى ماف و شايسته‌ داراييه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا بگێڕێت."
 
لای خۆیەوە، فایەق زێدان "جەختی لەسەر گرنگيی سەروەريی یاسا لە چارەسەرکردنی پرسە نیشتمانییەكان کردەوە، هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوە کرد کە ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى هەمیشە هەوڵ دەدات فاکتەرێک بێت بۆ نزیکبوونەوەی نێوان لایەنە جیاوازەکان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان." 
 
نێچيرڤان بارزانى و عەممار حەکیم: دەستوور بنەمایە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان
 
له‌ درێژه‌ى به‌رنامه‌ى سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ به‌غدا، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی، کۆبووەوە.
 
بەپێی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، گرنگيی بەهێزکردنی تێگەیشتنی نیشتمانيى نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و پێویستيی کاری هاوبەشیان تاوتوێ کرد "بۆ دەستەبەرکردنی بەشداريی هەموو پێکهاتەکانی وڵات لە پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی کاروباری وڵاتدا. له‌مباره‌يه‌وه‌ هه‌ردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگيى پابەنديى بە دەستووره‌وه‌ وەک بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی پرسە ناکۆکەکان و بەدیهێنانی دادپەروەری لەنێوان پێکهاتەکانی وڵاتدا".

 

 
ئەوەش هاتووە، "هەروەها هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگيی یەکخستنی هەوڵەکان کردەوە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگە سیاسی و ئابوورییەکانی بەردەم وڵات، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر بنیاتنانی دیدگایەکی یەکگرتوو کە پشتگیريی سەقامگیری و پێشکەوتنی عێراق بکات".
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، باسیان لە پەرەسەندنەکانی ناوچه‌كه‌ كرد و جەختیان لە بره‌ودان به‌ هاريكارى و هەماهەنگيی هاوبەشى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی، به‌سه‌ر وڵاته‌وه‌.
 
'عێراق لە ململانێکانی ناوچەکە دووربخرێتەوە' 
 
هه‌ر له‌ به‌غدا ئێواره‌ى دووشه‌ممه‌، 2025/1/13، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتيی عەسائیبی ئەهلی حەق، کۆبووەوە.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "هه‌ردوولا جەختیان لەسەر گرنگيی بەهێزکردنی هاوکاريی نێوان هەموو لایەنە عێراقییەکان کردەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیريی وڵات، هه‌روه‌ها پێویستيی کاری هاوبەشیان تاوتوێ کرد بۆ پاراستنی عێراق لە کاریگەرییەکانی دۆخی ناوچه‌كه‌."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هه‌ردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستی دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێکانی ناوچەکە، جەختیشیان لەسەر گرنگيی یەکڕیزی نیشتمانی کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.
 
نێچیرڤان بارزانی و خەمیس خەنجەر جەخت لە دیالۆگ بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان دەکەنەوە
 
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2025/1/13 له‌ به‌غدا نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شێخ خەمیس خەنجەر، سه‌رۆکی هاوپه‌یمانیی سیاده‌، کۆبووەوە.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، "گرنگيی بەهێزکردنی هاوبەشيی نیشتمانییان لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراقدا تاوتوێ کرد، هه‌روه‌ها جەختيان لەسەر پێویستيی پاراستنی مافی هەمووان و دەستەبەرکردنی بەشدارییان لە ژیانی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا كرده‌وه‌." 
 
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەردوولا بیروڕایان لەبارەی ئاستەنگە هەنووکەییيەکانی بەردەم عێراق گۆڕییه‌وه‌، هەروەها گرنگيی بەهێزکردنی دیالۆگيان لەنێوان لایەنە جیاوازەکاندا بۆ تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و بەدیهێنانی سەقامگیری و گەشەپێدان، به‌ پێويست زانى.
 
دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ و کاریگەرییان لەسەر عێراق و گرنگيی هەماهەنگيی هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارييه‌كان، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە