رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی دەچێتە بەریتانیا و جگە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شا و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، کۆبوونەوەی دیکەش دەکات.
بەپێی راگەیێندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 13-01-2025 محەممەد شیاع سوودانی، لەسەر بانگهێشتێکی فەرمیی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.
بەپێی راگەیێندراوەکە، سوودانی کۆمەڵێک دیدار و کۆبوونەوەی دەبێت، لەوانەش کۆبوونەوە لەگەڵ چارڵسی سێیەمی پاشای بەریتانیا و کیێر ستارمەر، سەرۆکوەزیران و چەندین بەرپرسی باڵای حکومەتی بەریتانیا.
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، سوودانی لەگەڵ نوێنەرانی کۆمپانیاکان و کەرتەکانی کار دەکات، بەشداری لە چەندین کۆڕ و گفتوگۆ لە سەنتەرە تایبەتمەندەکانی توێژینەوە دەکات.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چوارچێوەی بەهێزکردنی ئاسۆکانی هاریکاریی نێوان عێراق و بەریتانیایە، کە تێیدا چەندین رێککەوتننامە و یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بوارە جیاوازەکان واژۆ دەکرێن، بەتایبەت لە بوارەکانی ئابووری، وەبەرهێنان و ئەمنی.
لە سەردانەکەیدا بۆ بەریتانیا، شاندێکی باڵا یاوەریی سوودانی دەکات کە پێکهاتووە لە ژمارەیەک وەزیر، پەرلەمانتار و پارێزگاری بەسرە و چەند راوێژکارێک، لەگەڵ نوێنەرانی کەرتی تایبەت و پیشەوەران و بازرگانانی پسپۆڕ لە کەرتە ئابوورییە جیاوازەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ