رووداو دیجیتاڵ
هادی عامری، ئهمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی دۆخی ناوچەکە بە تایبەت سووریا و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان کردووە.
شەوی دووشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هادی عامری، ئهمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە هادی عامری قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد.
هادی عامری گوتی: "لە سەردانی برای بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی دۆخی سووریا کرا و چۆن دەتوانرێت مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکرێت بە شێوەیەک لە بەرژەوەندیی عێراق بێت."
سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هادی عامری گوتی: "باسی کێشەکان کرا، ئینشاڵڵا کێشە نییە، هەندێک ناکۆکی لە نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵدا هەیە و دەتوانم بڵێم ئەم بابەتە ئەمڕۆ چارەسەر نەکرا، بەڵکو دوێنێ چارەسەر کرا."
هادی عامری گوتیشی: "لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، برای سەرۆکوەزیران جەختی لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک کردەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ناکۆکییەکان و ئەو بڕیارانەی لیژنەی هاوبەشی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێم دەیدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
ئهمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر دڵنیایی دا کە کێشەی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەبێت و گوتی: "دڵنیابن کێشەی گەورە نییە و ئینشاڵڵا کێشەی مووچەی هەرێم لە نزیکترین دەرفەتدا چارەسەر دەکرێت. بێگومان مووچەکانیان دەستەبەرە، تەنیا کێشەی مووچەی مانگی 12 ماوە و ئینشاڵڵا ئەویش بەزوویی چارەسەر دەکرێت."
هادی عامری رەتیکردەوە کێشەکە سیاسی بێت و گوتی: "کێشەکە تەکنیکییە. برایانی حکومەتی فیدراڵ دەڵێن بڕیاری دادگای فیدراڵی هەیە، کە مووچە دەنێردرێت بۆ هەرێم لەبەرامبەردا هەرێم داهاتەکان رادەست بکات. کێشەیەک لە رادەستکردنی داهات هەیە، ئینشاڵڵا ئەم کێشەش چارەسەر دەکرێت و مووچەی هەرێم بەردەوام دەبێت."
سەبارەت بە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هادی عامری گوتی: "بەپێی یاسای بودجە هەرێم دەبێت رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات و داهاتەکەی دەچێت بۆ حکومەتی فیدراڵ. کێشەیەک هەیە لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان، تێچووی بەرهەمهێنان 8 دۆلارە. کۆمپانیاکان بەو پارەیە کار ناکەن، ئێستا یاسایەک لە پەرلەمانە بۆ هەموار کردن، بۆ چارەسەری ئەو بابەتە."
هادی عامری هیوای خواست لە زووترین کاتدا نەوت لە رێگەی کوردستان و بۆریی تورکیاوە هەناردە بکرێت، تاوەکو عێراق داهاتی 400 هەزار بەرمیل نەوتی دەستبکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ