رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیارى بڕینى 1٪ـى مووچەى خانەنشینانى بۆ پاڵپشتى غەززە و لوبنان هەڵوەشاندەوە کە لە مانگى رابردووەوە کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە.
هەڵوەشاندنەوەى ئەو بڕیارە لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆ دووشەممەى ئەنجوومەنى وەزیران عێراق بووە.
بەگوێرەى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەو ئەنجوومەنە دەنگى داوە بەوەى خانەنشینان بەدەربکرێن لە بڕینى ئەو 1٪ـى مووچەکانیان بۆ پاڵپشتى غەززە و لوبنان.
بڕینى ئەو بڕە پارەیە بە گوێرەى نووسراوێک بوو کە حەمید عززى، ئەمیندارى گشتیی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە 24ـی تشرینى دووەمى 2024 دەری کردبوو.
بڕیارەکە بڕینى 1٪ـی مووچە و دەرماڵەى فەرمانبەران و خانەنشینانى لە دامەزراوە فەرمییەکانى عێراق دەگرتەوە، لە یەکى کانوونى یەکەمى 2024 کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە، پارەکە دەخرێتە سەر هەژمارەکانى تایبەت بە (غەززە و لوبنان).
نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیران ئاماژەى بەوەداوە، بەگوێرەى بڕیارەکە هەڵوەشاندنەوەى بڕینى 1٪ـى مووچەى خانەنشینان لە 24ى تشرینى دووەمى 2024ـەوە جێبەجێدەکرێت، بەوپێیە ئەو پارەیەى لە دوو مانگدا لێیان بڕدراوە بۆیان دەگەڕێنرێتەوە.
بڕینى ئەو 1٪ـى مووچە خۆویستانە بوو، بەگوێرەى بڕیارەکەى ئەمیندارى گشتیی ئەنجوومەنى وەزیرانى ئەوانەی رازی نین بە لێبڕینەکە، ناویان لە لیستی کۆمەکبەخشاندا نابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ