نێچیرڤان بارزانی و سوودانی کۆبوونەوە؛ سبەی حکومەت لەبارەی هەمواری یاسای بودجە کۆدەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

دوای کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، کەمێک پێش ئێستا بۆ جاری دووەم، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و بڕیاریشە لە کۆبوونەوەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، گفتوگۆ لەبارەی هەمواری یاسای بودجە بکرێت.
 
رۆژی شەممە 13ـی کانوونی دووەمی 2023 هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا گوتی "کەمێک پێش ئێستا دووەم کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستیپێکرد."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ خوانی ئێوارە میوانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە لە بەغدا و دوای ئێوارەخوانەکە، کۆبوونەوەی نێوانیان دەستیپێکردووە، وەکو پەیامنێری رووداو ئاماژەی پێدەدات؛ کۆبوونەوەی ئەمجارەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق دووقۆڵییە. 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو هەرچەند کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژانی سێشەممەیە، بەڵام کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیە پێشخراوە بۆ رۆژی یەکشەممە 14ـی کانوونی دووەم. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەی سبەی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆکردنە لەبارەی هەمواری یاسای بودجەی گشتیی عێراق.
 
ئەوە لەکاتێکدایە پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسیی و حکومییەکانی عێراق و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆشیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند؛ "پێویستە داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەمواری بودجەدا جێگیر بکرێت".
 
بڕیارە سبەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا ئەو داواکارییانەی هەرێمی کوردستان هەیەتی، گفتوگۆیان لەبارەوە بکرێت.