رووداو دیجیتاڵ
172 رووفاتی ئەنفالکراو لە بەغداوە نێردرانەوە هەرێمی کوردستان کە هەموویان خەڵکی گەرمیان و چەمچەماڵن و لە ساڵی 1988 لە بیابانەکانی عێراق کۆمەڵکوژ کراون.
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، ئامادەکاریی گەڕاندنەوەی ئەو 172 رووفاتە ئەنفالکراوەیە کە زۆرینە ژن و منداڵی کوردن و زیاتر لە چوار ساڵە لە دادپزیشکیی بەغدا بوون، ئەمڕۆ بەرەو خاکی نیشتمان بەڕێکران.
یەکێک لە رووفاتەکان برای جەوهەر محەممەدە، هەر چەند ئەوکات تەمەنی هەشت ساڵان بووە، بەڵام تا ئێستا دیمەنی رووداوەکەی بەباشی لەبیرماوە.
جەوهەر محەممەد، کەسوکاری ئەنفالکراوێکە و دەڵێت، "خەڵکی گوندەکەمان 100 کەس هەروەها خزم و کەسی خۆمان 11 کەسم ئەنفالە، دوو برا و خوشکێکم بە سێ منداڵاوە و دوو مام و ئامۆزام. ئەو حاڵەتانەی رووداوەکەم لەبیرە کە براکانم بەزیلەکە رۆیشتن ئەوسا تەمەنم هەشت ساڵان بوو، بەڵام باوەڕکە ئەو رووداوەم بیرماوە کاتێک لە زیلەکە سەرکەوتن و هەموویان بەیەکەوە سەرکەوتن، لەم رووفاتانە بیست ناسنامە هەبوو یەکێک لەمانە برای منە."
شێواوی و مانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بۆ ماوەی زیاتر لە 35 ساڵ لە بیابانەکاندا، هۆکار بوون تا دادپزیشکیی بەغدا نەتوانێت بە ئاسانی و زوویی پشکنینەکان تەواو بکات.
زەید عەلی، بەڕێوەبەری دادپزیشکیی بەغدا دەڵێت، "هەنگاوەکان سەختن، بەتایبەتی کە گۆڕەکان کۆنن و تەمەنیان 35 ساڵە، ئەمەش سەختییەکان زیاتر دەکات بۆ تیمەکانمان و ناسینەوەیان، خۆشتان دەزانن ئامانجمان گەڕاندنەوەی رووفاتەکانە بۆ کەسوکاریان."
سستیی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەشێوەیەکە، 20 ساڵ دوای رووخانی سەدام، لەکۆی زیاتر لە 182 هەزار ئەنفالکراو، تەنیا رووفاتی 3 هەزار و 672 کەسیان گەڕێندراوەتەوە کوردستان.
برینی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان قووڵتر دەبێتەوە کاتێک دەبینن هێشتا دەیان گۆڕی بەکۆمەڵی کورد لەژێر بیابانەکانی سەماوەدا ماون، ئەو جووتیار و شوانانەی کە خەڵکی ناوچەکەن و شاهێدی رووداوەکە بوون، هێشتا لەژیاندا ماون و شوێنی رووداوەکان پێدەزانن، تاوەکو ئێستا بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست گۆڕەکان هەڵنەدراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ