لە مانگێکدا فەرمانی دەستگیرکردن و راپێچکردن بۆ 68 وەزیر و بەرپرسی باڵای عێراق دەرچووە


رووداو دیجیتاڵ

دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، مانگی رابردوو 68 فەرمانی دەستگیرکردن و راپێچکردن بۆ بەردەم دادگە بۆ بەرپرسانی باڵا و پلە تایبەتەکان دەرچووە و جێبەجێکراوە، لەنێویاندا هەشت وەزیر هەن. ئەندامێکی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: "کارەکانی دەستەکە بۆ بەدواداچوونی گەندەڵی باشن و دەبێت بەردەوام بێت."
 
رۆژی هەینی، 13-1-2023، دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، "مانگی رابردوو لایەنە دادوەرییەکان 74 فەرمانی دەستگیرکردن و راپێچکردنیان بۆ 68 گەورە بەرپرسی عێراق لە پلەی تایبەت دەرکردووە، 60 لەوانە فەرمانی راپێچکردن و 14یان فەرمانی دەستگیرکردن بووە."
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو فەرمانانەی جێبەجێکراون بەرامبەر بە وەزیرێکی پێشوو و حەوت وەزیری پێشووتر بووە، لەگەڵ بریکارێکی پێشوو و سێ بریکاری پێشووتر.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "فەرمانەکانی دەستگیرکردن بۆ دوو پارێزگاری ئێستا و دوو پارێزگاری پێشوو و 12 پارێزگاری پێشووتر و 11 بەڕێوەبەری گشتیی ئێستا و 16 بەڕێوەبەری گشتیی پێشتر و چوار بەڕێوەبەری گشتیی پێشووتر بووە، هەروەها فەرمانی دەستگیرکردن و راپێچکردن بۆ 9 ئەندامی ئەنجوومەنی پێشووی پارێزگاکان دەرچووە."
 
عەزیز مەیاحی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "ئەوانەی لە گەندەڵی تێوەگلاون دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، دەستەکە بەردەوامە لە لێپێچینەوە و ژمارەیەکی زۆر بەڵگەنامەشی لەبەردەستە."