سیستانی: فرۆشتنى دراو بە وڵاتانى دراوسێ رێگەپێدراو نییە ئەگەر پێچەوانەى یاسا بێت

13-01-2023
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

عەلى سیستانى، مەرجەعى باڵاى شیعەکانى عێراق دەڵێت، فرۆشتنى دراو لەلایەن بازرگانانەوە بە وڵاتانى دراوسێ رێگەپێدراو نییە، ئەگەر  دەرکەوت زیانى بۆ ئابوورى نیشتمانى هەیە و پێچەوانەى رێکارە یاساییەکان بێت.
 
نووسینگەى عەلى سیستانى، مەرجەعى باڵاى شیعەکانى عێراق وەڵامى پرسیارى یەکێک لە شوێنکەوتووانى مەزهەبی شیعەى داوەتەوە، کە ئاراستەى کراوە، لەبارەى رەوایەتى فرۆشتنى دراوى عێراقى بە وڵاتانى دراوسێ.
 
لە وەڵامى ئەو پرسیارەدا نووسینگەکە کە وەڵامەکانى بە فەتواى سیستانى هەژمار دەکرێت، نووسیویەتی: "فرۆشتنەکە خۆى بۆ خۆى رێگەپێدراوە، ئەگەر زیانی بۆ ئابووریی نیشتمانى نەبێت یان پێچەوانەى یاسا کارپێکراوەکان نەبێت." 
 
ئەو وەڵامە لەکاتێکدایە بەقاچاخبردنی دۆلار لە عێراقەوە بۆ دەرەوە بە یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینى بەهاى دینارى عێراقى دەزانرێت بەرامبەر بە دۆلارى ئەمەریکى. 
 
نزیکەى مانگێکە بەهاى 100 دۆلارى ئەمریکى بەرامبەر بە دینارى عێراقى لە 150 هەزار دینار زیاترە، سەرەڕاى ئەوەى بانکى ناوەندى یەک دۆلار بە 1460 دینار دەفرۆشێت.
 
بانکی ناوەندى هۆکارى دابەزینى بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر بە دۆلار دەبەستێتەوە بەکاراکردنى سەکۆیەکى ئەلیکترۆنى بۆ فرۆشتنى دۆلار، لەپێناو رێگرى لە سپیکردنەوەى پارە و بەقاچاخبردنى بۆ دەرەوە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە