بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر و کوڕەکانی لە موسەننا زیاتر لە 10 کاژێر رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان دەبنەوە


رووداو دیجیتاڵ

بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر و کوڕەکانی لە موسەننا، زیاتر لە 10 کاژێر بە چەکی قورس و سووک رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەوە، دواتر لە سەربانی خانووەکەیان هەڵاتن. هێزێکی زۆری ئەمنی گەمارۆی شوێنی رووداوەکەیان داوە و لە بەغداوە شاندێکی وەزارەتی ناوخۆش چوونەتە شوێنەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا تۆمەتبارەکان دەستگیر نەکراون.
 
بەهۆی شەڕەکەوە پۆلیسێکی هەواڵگری کوژراوە و حەوت پۆلیسی دیکەیش بریندارن کە لەنێو بریندارەکاندا بەڕێوەبەری هەواڵگریی پارێزگای موسەننا هەیە. جەعفەر سادق، شاهێدحاڵی رووداوەکەیە و دەڵێت، "چواردەوری ماڵەکە بە حکومەت دەوردرابوو، هۆزەکەیان بە تەواوی گەمارۆدراوبوون، نازانم چۆن کەسێک هەڵهات لەژێر دەستی 400 بۆ 500 کەس لە هێزی ئەمنی! چۆن کەسێک ئاوا بەمشێوەیە رووبەڕووی دەوڵەت بووەوە، ئەی فەرماندەی پۆلیس لە کوێیە، پارێزگار لەکوێیە؟" 
 
کەسوکاری حوسێن، ئەو پۆلیسەی لە رووبەڕووبوونەوەکەدا کوژرا، پرسەیان بۆ داناوە، بەڵام تووڕەن و دەڵێن، وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت، کەس لێیان ناپرسێتەوە لەکاتێکدا کوڕەکەیان بە دەستی بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر و لە کاتی ئەرکدا کوژراوە. مستەفا خێزاندارە و دوو منداڵی تەمەن هەشت ساڵ و نۆ ساڵی لەدوای خۆی دا بەجێهێشت. 
 
عەلی جبەیر، ئامۆزای پۆلیسە کوژراوەکە بە رووداوی گوت، "ئەمڕۆ لە کاتی ناشتنی تەرمەکەی نە پارێزگار نە فەرماندەی پۆلیس نە بەڕێوەبەری هەواڵگری هیچ کەسێک لە دەوڵەت لە گەورەترینیان تا بچووکترینیان نەهاتن وەک ئەوەی شتێکی ئاسایی روویدابێت، ئێمە زانیاریمان هەیە، پاریزگار رێگر نەبووە و لێگەڕاون ئەو بازرگانە بۆ خۆی هەڵبێت، ئاخر چۆن کەسێک دەتوانێت هەموو موسەننا ئاوا بسووڕێنێت، ئەمە لە کوێ بووە، ئاخر دەچێتە مێشکی کەسەوە کەس بەمە باوەڕ دەکات؟" 
 
تاوەکو دێت ماددەی هۆشبەر بە شارەکانی عێراقدا زیاتر بڵاودەبێتەوە. بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لە ساڵی 2022 لە عێراق، نزیکەی 14 هەزار بازرگان و بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون.