مەشعان جبووری: هۆشیار زێباری دەبێتە سەرۆککۆمار

13-01-2022
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن هۆشیار زێباری
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
مەشعان جبووری رایدەگەیێنێت، دەنگ بە هۆشیار زێباری دەدەن و زێباریش دەبێتە سەرۆککۆماری چوار ساڵی داهاتووی عێراق. 
 
مەشعان جبووری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە تویتێکدا نووسیویەتی: "بە بەربژێرکردنی هۆشیار زێباری، دەکرێت بڵێین دڵنیاین لەوەی دەبێتە سەرۆککۆماری عێراق بۆ چوار ساڵی داهاتوو".
 
مەشعان جبووری هەروەها نووسیویەتی: "زێباری ئەو دەنگە بەدەست دەهێنێت کە محەممەد حەلبووسی  بەدەستی هێنا، چونکە سەرجەم پەرلەمانتارانی هاوپەیمانیی عەزم، تەقەدووم، پارتی و رەوتی سەدر و دۆستەکانمان دەنگی بۆ دەدەن. بۆیە پشتیوانی دەبن و دەنگی پێدەدەن". 
 
رۆژی چوارشەممە، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان خۆی بۆ پۆستی سەرککۆماری عێراق بەربژێر کرد و فۆرمی بەربژێربوونی بۆ ئەو پۆستە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پڕکردەوە.
 
 رۆژی دووشەممە پەرلەمانی عێراق دەرگای خۆ بەربژێرکردنی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کردەوە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت خۆیان بۆ ئەو پۆستە بەربژێر بکەن.
 
 پەرلەمانی عێراق لە راگەیێنراوێکدا ئاشکرایکرد، بەپێی ماددەکانی 2 و 3 لە یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2012، یاسای حوکمەکانی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەکاتەوە.
 
 پەرلەمان داوا دەکات ئەو کەسانەی ئارەزووی خۆبەربژێرکردنیان بۆ ئەو پۆستە هەیە و مەرجەکانیان تێدایە بە نووسراو داواکارییەکانیان پێشکەشی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران بکەن و هەموو بەڵگەنامە فەرمییەکانییان لەگەڵدابێت، رادەستی فەرمانگەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران-کۆشکی کۆماری بکەن، لە کاژێر 9 تاوەکو 3ی پاش نیوەڕۆ لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە و پێنجشەممە کە دەکاتە 11 و 12 و 13 ی کانوونی دووەمی 2022، بەرامبەر بەوە وەسڵێک وەربگرن کە بیسەلمێنێت داواکارییان پێشکەشکردووە.
 
 ھۆشیار مەحموود محەممەد زێباری (هۆشیار زێباری) لە 2ی کانوومی دووەمی 1953 لە دایکبووە. لە ساڵی 1976 بڕوانامەی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی ئەردەن لە عەممان وەرگرتووە، ماستەریشی لە کۆمەڵناسی لە زانکۆی ئێکسس لە بەریتانیا بەدەستهێناوە.
 
 زێباری لە 8ی ئەیلولی 2014 تاوەکو 21ی ئەیلولی 2016 وەزیری دارایی عێراق بووە، بەر لەوەش لەھەردوو خولی ھەڵبژاردندا 2006 و 2010 بووەتە وەزیری دەرەوەی عێراق. ھۆشیاری زێباری ئێستا ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
 
بەپێی دەستووری عێراق دەبێت لە ماوەی مانگێک لە وادەی بەستنی یەکەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پەرلەمانی وڵاتەکە سەرۆککۆمار هەڵبژێرێت کە پێویستە بەربژێری پۆستەکە دەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتارەکان بەدەستبهێنێت.
 
رۆژی یەکشەممە 09-01-2022 لە یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقدا، هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی بەڕێوەچوو، 228 پەرلەمانتار دەنگیان دا. لەو ژمارەیەش 200 پەرلەمانتار دەنگیان بە محەممەد حەلبووسی دا وەک سەرۆکی پەرلەمان، 182 پەرلەمانتار دەنگیان بە حاکم زاملی دا، وەک جێگری یەکەم و 180 پەرلەمانتاریش دەنگیان بە شاخەوان عەبدوڵڵا، وەک جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە