نوێنەرى سکرتێرى گشتیی UN لە عێراق: کار دەکەین بۆ سەقامگیر مانەوەی عێراق

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نوێنەرى سکرتێری گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند: دۆخى ناوچەکە خراپە و کار لەسەر ئەوە دەکەن عێراق بە سەقامگیری بمێنێتەوە و دوور بێت لە ئاڵۆزییەکان.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەممەد حەسان، نوێنەرى سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و سەرۆکى نێردەى ئەو رێکخراوە بۆ هاوکاریکردنى عێراق (یونامى) لە شارى نەجەف سەردانى مەرجەعییەتى باڵای شیعەى کرد و لەگەڵ محەممەد رەزا کوڕى عەلى سیستانى، مەرجەعى باڵاى شیعەکان کۆبووەوە.
 
محەممەد حەسان لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەڤانیدا گوتى: "دۆخى ناوچەکە خراپە و گۆڕانکارییەکانیش خێران، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمیندارە گشتییەکەى کە من نوێنەرایەتى دەکەم بۆ عێراق، کار لەسەر ئەوە دەکات عێراق بە سەقامگیریى بمێنێتەوە و دوور بێت لە کێشە و ئاڵۆزییەکان بۆ پارێزگاریکردن لە ئاسایش و سەقامگیرییەکەى".
 
محەممەد حەسان راگەیاند: "عەلى سیستانى پەرۆشە بۆ عێراق و سەقامگیرییەکەى و دوورخستنەوەی لە هەر کێشەیەک کە زیانى پێبگەیێنێت".
 
کۆبوونەوەکە دواى چوار رۆژ بوو لە رووخاندنى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد لە سووریا؛ بەهۆى دۆخى ئەو وڵاتەوە عێراق سنوورەکانى تۆکمە کردووە.
 
نوێنەرى سکێترى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق گوتى: "لەگەڵ مەرجەعییەت تاوتوێى ئەو هەنگاوانەمان کرد کە رێگر دەبن لەوەى عێراق بچێتە کێشمەکێشمێکى نەرێنى، کە خزمەت بە سەقامگیری و داهاتووی وڵاتەکە ناکات، بە راشکاوانە دەڵێم دۆخى ناوچەکە زەحمەتە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە