پارێزگاری حەسەکە پەنای بۆ عێراق هێناوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
  
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، پارێزگاری حەسەکە، بەڕێوەبەری ئاسایش و بەرپرسی حیزبی بەعس لە حەسەکە لە رێگەی رەبیعەوە هاتوونەتە نێو عێراق. سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگرییش لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، "بەبێ ئاگاداری حکومەتی عێراق کەس ناتوانێت بێتە نێو خاکی عێراق". 
 
نایف شەممەری، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند،"رۆژی سێشەممە 10-12-2024، پارێزگاری حەسەکە، بەڕێوەبەری ئاسایشی حەسەکە و بەرپرسی حیزبی بەعس لە حەسەکە لە رێگەی دەروازەی سنووریی رەبیعەوە هاتوونەتە نێو عێراق".
 
ناحیەی رەبیعە، دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا. نەینەوا نزیکەی 350 کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان هەیە.
 
نایف شەممەری، نوێنەری پارێزگای نەینەوایە لەپەرلەمانی عێراق گوتی: "خۆم خەڵکی ناوچەکەم، لەم زانیارییە دڵنیام".
 
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-12-2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ زانیارییەکمان لەوبارەوە نییە". بەڵام گوتی: "هیچ کەسێک بەبێ ئاگاداری حکومەتی عێراق ناتوانێت لە سووریاوە بێتە نێو عێراق و لەنێویاندا سنووری پارێزگای نەینەوا".
 
رۆژی شەممە 7ـی کانوونی یەکەمی 2024، باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ نزیکەی 2000 سەربازی سوپای سووریا پەنایان بۆ سنوورەکانی عێراق هێناوە و بە رەزامەندیی ئێمە لە سنوورەکان هاتوونەتە نێو خاکی عێراق."
 
نایف شەممەری راشیگەیاند، لە ئەنبار خێوەت و شوێن  بۆ سەربازانی سووریایی دانراوە، پێویستییەکانیان بۆ دابینکراوە. هەندێک لە هۆزەکانی ئەنبار پێشوازیان لێکردوون و پیتاک و پێویستیان بۆ دابین کردوون.  
 
عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر لە 600 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا هەیە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە