سەلاحەدین دوو سەرۆکى ئەنجوومەنى هەیە، یەکێکیان بەهێزەوە دەچێتە دەوام

 
رووداو دیجیتاڵ

دوو ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین خۆیان بە سەرۆکى ئەنجوومەنەکە دەزانن و دۆسیەکەیان لە دادگاى کارگێڕیی یەکلا نەبووەتەوە، سەرۆکى لەکارلادراوى ئەنجوومەنەکە بە پشتبەستن بە بڕیارێکى دادگە بەهێزەوە دەچێت بۆ دەوام، بەڵام گرژى دروست دەبێت و پۆلیس کۆتایی بەکێشەکە دەھێنێت. 
 
رۆژی چوارشەممە، 11ى کانوونى یەکەمی 2024، سەرۆکى لەکارلادراوى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین بەپشتیوانى هێزێکەوە دەچێتەوە بۆ ئەنجوومەن، ئەوەش دواى ئەوەى دادگەى کارگێڕى ستەمنامەیەکى عەلى عەبدولجەبار، سەرۆکى هەڵبژێردراوى ئەو ئەنجوومەنەى رەتکردەوە لەدژى پێشینەکەى.
 
یاسین داوودى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "عادل سمێدعى بەهێزێکەوە هاتبوو بۆ ئەنجوومەن و گرژى لە نێوان پاسەوانەکانى و پاسەوانى سەرۆکى هەڵبژێردراوى ئەنجوومەن دروست بوو، بۆیە ناچار فەرماندەیی پۆلیس دەستوەردانی کرد و عادل سمێدعى ئەنجوومەنى بەجێهێشت."
 
رۆژی 10ى تشرینى دووەم عەلى عەبدولجەبار، وەک سەرۆکى نوێى ئەنجوومەن هەڵبژێردرا، عادل سمێدعى بەو بڕیارە رازى نەبوو، لە دادگەى کارگێڕى سکاڵاى کرد و ئەو دادگەیەش بڕیارێکى فەرمانسالاریی دەرکرد بۆ ئەوەى ئەو گۆڕانکارییە رابگرێت، تاوەکو سکاڵاکە یەکلا دەکرێتەوە.
 
عەلى عەبدولجەبار ستەمنامەیەکى لەدژى ئەو بڕیارە فەرمانسالارییە پێشکێشکرد و لە 9ى کانوونى یەکەم، ئەو داواکارییەى رەتکرایەوە، بەڵام فەرمانسالارییەکە وەک خۆى مایەوە.
 
یاسین داوودى گوتى: "کاروبارەکان نەوەستاون، چونکە جێگرەوە هەیە کە سەرۆکى هەڵبژێردراوى ئەنجوومەنە و کارەکان وەک خۆى دەڕوات".  
 
عەلى عەبدولجەبار ئەندامى فراکسیۆنى تەقدوومى سوننەیە، کە محەممەد حەلبووسی سەرۆکایەتى دەکات، بەڵام عادل سەمێدعی، سەر بە هاوپەیمانیى حەسم بوو کە ئوسامە نوجێفى ئەمیندارییەتی و ئەویش سوننەیە. 
 
یاسین داوودى گوتی، وەک ئەندامانى ئەنجوومەن سەردانى بەغدا دەکەن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سوننەکان و چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە. 
 
لە کۆى 15 ئەندامەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەلاحەدین، سیانیان لە لیستى شیعەکان، یەکێکیان کورد و 12ـەکەى دیکەش سوننەن. هەردوو پۆستى پارێزگار و سەرۆکى ئەنجوومەن لای سوننەکانە.