کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: دەنگدانی تایبەت 7ـی بەیانی تاوەکو 6ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت

12-12-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن دەنگدانی تایبەت هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رۆژی شەممەی داهاتوو، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستپێدەکات و زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگدەر دەتوانن لەماوەی 11 کاژێری ئەو رۆژەدا، دەنگ بدەن.

 

رۆژی سێشەممە 12-12-2023 عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "شەممەی داهاتوو (16-12-2023) تایبەت دەبێت بە دەنگدانی تایبەت، کە هێزە ئەمنییەکان و ئاوارەکان دەگرێتەوە، پرۆسەکە یەک رۆژ دەبێت، دەنگدەران دەتوانن لە کاژێر 7ـی بەیانی تاوەکو 6ـی ئێوارە سەردانی بنکەکان بنکەکان بکەن بۆ ئەوەی دەنگی خۆیان بەو لایەنە بدەن کە دەیانەوێت."
 
سەبارەت بە وردەکارییەکانی کاخەزی دەنگدان و میکانیزمەکەی، روونیکردەوە "کاخەزی دەنگدان لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت، لە لای راستی کاخەزەکە ناوی هاوپەیمانێتییەکانی تێدایە و لەلای چەپیشی ناوی پارێزگاکە و ژمارەکانیانی تێدایە."
 
باسی لەوەشکرد، دەبێت دەنگدەر لە رۆژی دەنگداندا قەڵەمی دەنگدان وەربگرێت و نیشانەی راست لەسەر هاوپەیمانیێتییەکە و ژمارەی ئەو بەربژێرەی کە دڵخوازییەتی، بدات، بۆیە قەڵەمی دەنگدان پێویستە و هەر کاخەزێک بە قەڵەمی دیکە دیاریکرابێت یان دوو بەربژێر یان دوو هاوپەیمانیێتی لەسەر دیاریکرابێت، بە پووچەڵ هەژمار دەکرێت و رەتدەکرێتەوە.
 
بەپێی مادەی 22ـی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ژمارە 12ـی ساڵی 2018، دەنگدانی تایبەت پێش 48 کاژیر بەر لە هەڵبژاردنی گشتی دەکرێت و ئەو کەسانە دەگرێتەوە: کارمەندانی وەزارەتەکانی بەرگری، ناوخۆ، دەزگا ئەمنییەکانی دیکە و پێشمەرگە لەگەڵ ئاوارەکان.
 
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە بڕیارە 18ـی ئەم مانگە لە 14 پارێزگای عێراق و پارێزگای کەرکووک بکرێت، 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 دەنگدەر هەن، 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 دەنگدەر دەنگدانی گشتی دەیانگرێتەوە، 1 ملیۆن و 2 هەزار و 393 دەنگدەریش دەنگدانی تایبەت دەیانگرێتەوە، لەنێویاندا 48 هەزار و 260 ئاوارە هەن.
 
بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پێنج هەزار و 904 کەس خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەربژێر کردووە، کە رکابەری لەسەر 285 کورسی دەکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق.

فوئاد حوسێن: داعش لە سووریا چەکى نوێى دەستکەوتووە

وەزیرى دەرەوەى عێراق رایگەیاند، خوازیارن پرۆسەیەکى سیاسی لە سووریا بونیاد بنرێت کە بەرهەمى گەلى سووریا بێت؛ "رێکخراوى داعش لە سووریا گەشەى کردووە و چەکى نوێی دەست کەوتووە."