رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى ناوخۆى عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ دەستەى پیشەسازیى جەنگیی عێراق واژۆکرد بۆ ئەوەى ئۆتۆمبێلى گوللەنەبڕ و چەکى دروستکراوى ئەو دەستەیە بکڕێت، بڕیارە لە داهاتوودا درۆنیش لە هەمان دەستە بکڕێت.
رۆژی 12-12-2023 وەزارەتى ناوخۆى عێراق و دەستەى پیشەسازیى جەنگیى عێراق، گرێبەستێکیان واژۆکرد بۆ کڕینەوەى ئۆتۆمبێلى گوللەنەبڕ لەو دەستەیە بۆ فەرماندەیی پۆلیسی فیدراڵى.
ئۆتۆمبێلە گوللەنەبڕەکان لە جۆرى "ئەبهەر"ـن، کە دروستکراوى دەستەى پیشەسازیى جەنگیی عێراقە.
بەگوێرەى وەزارەتى ناوخۆى عێراق؛ لە داهاتوودا گرێبەستى دیکە لەگەڵ دەستەى پیشەسازیى جەنگیی واژۆ دەکەن بۆ کڕینی درۆن، کە دروستکراوى ئەو دەستەیەیە بۆ بەهێزکردنى تواناى جەنگى هێزەکانى وەزارەتى ناوخۆ بەکاردێن.
دەستەى پیشەسازیى جەنگیی عێراق لە ساڵى 2019 دامەزراوە و پەیوەندى بە فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانەوە هەیە. جێگرەوەى دەستەى پیشەسازیى سەربازییە کە لە سەردەمى دەسەڵاتى پێشووى حیزبى بەعس لە عێراقدا هەبوو. دەستەی پیشەسازیی لە دوای ساڵی 2003 هەڵوەشێندرایەوە.
کارى دەستەی جەنگی دروستکردنى پێداویستى و کەرەستەى سەربازییە، لە ماوەى رابردوودا چەند جۆرێک چەک و دەمانچە و تۆپهاوێژ و ئۆتۆمبێلى سەربازیى دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ