دادگەی فیدراڵی دواخستنی هەڵبژاردنی لە کەرکووک رەتکردەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
دادگەی فیدراڵیی عێراق ئەو سکاڵایەی رەتکردەوە کە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لە کەرکووک پێشکەشکرابوو، بەمەش لەکاتی خۆیدا و هاوشێوەی پارێزگەکانی دیکەی عێراق، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک ئەنجام دەدرێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 12-12-2023، دیلان غەفوور، یەکێک لە نوێنەرانی کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵی ئەو دوو سکاڵایەی رەتکردەوە کە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن لە پارێزگای کەرکووک لەلایەن دوو بەربژێری عەرەب و تورکمانەوە تۆمارکرابوو، بەو پێیە رۆژی 18ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەڕێوەدەچێت".
 
سکاڵاکان، لەلایەن سەفوەت ساڵح بەنا، بەربژێری بەرەی یەکگرتووی تورکمانی عێراقەوە تۆمارکرابوو و داوای دەکرد، دادگەکە کۆمیسیۆن پابەندبکات بە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک، تاوەکو ئەو کاتەی تۆمارێکی وردی دەنگدەران دەکرێت. سکاڵای دووەمیش لەلایەن نەجاح حەسەن تائی، بەربژێری هاوپەیمانیی قیادەی سوننەکان تۆمارکرابوو و هەمان داواکاری هەبوو.
 
رۆژی چوارشەممە، 01-11-2023، بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، بڕیارە هەڵبژاردنەکە لە 18-12-2023 بەڕێوەبچێت.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە 15 کورسی و کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە، کورد تێیدا بە پێنج لیست بەشداری هەڵبژاردن دەکات.
 
پێشتر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵەکانی 2009 و 2013 کراوە، بەڵام لە ساڵی 2005ـەوە لە کەرکووک نەکراوە.
 
سەباح حەبیب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی کە یەکێکە لە نوێنەرانی کورد لە کەرکووک، رۆژی سێشەممە، 12-12-2023، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو سکاڵایە هیچ ئەنجامێکی نابێت و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاکە نابێت، چونکە بەشی هەرە زۆری لایەنەکانی نێو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و چوارچێوەی هاوئاهەنگی و لایەنە کوردستانییەکان و خودی سەرۆکوەزیرانیش لەگەڵ ئەوەدان کە هەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت و دوانەخرێت".
 
لە هەڵبژاردنی 2005ـی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا کە ژمارەی کورسییەکانی 41 کورسی بوو، (لیستی برایەتیی کەرکووک) کە لیستێکی کوردستانی بوو 26 کورسی بەدەستهێنا و بەو جۆرەش پارێزگاری پارێزگاکە لە کورد بوو.