سوننەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆکی پەرلەمان کۆدەبنەوە

12-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمینداری گشتیی پارتی بەیارق خەیری عێراقی رایگەیاند، ئەمڕۆ لە بەغدا کۆبوونەوەیەکی گرنگ بە بەشداری زۆرینەی پێکهاتە سەرەکییەکانی سوننە بۆ رێککەوتن و دیاریکردنی بەربژێریک بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەکرێت.
 
رۆژی سێشەممە 12-12-2023، محەممەد خالیدی، ئەمینداری گشتیی پارتی بەیارق خەیری عێراقی، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لە بەغدا "کۆبوونەوەیەکی گرنگ" لەنێوان لایەنە سەرەکییەکانی سوننەکان دەکرێت، بۆ ئەوەی لەسەر یەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان رێکبکەون.
 
محەممەد خالیدی گوتی، "ئێستا لەنێو لایەنەکانی سوننە سالم عیساوی و مەحموود مەشهەدانی زۆرترین قسەیان لەبارەوە دەکرێت بۆ ئەوەی یەکێکیان ببنە بەربژێری جێی رەزامەندی زۆرینەی لایەنە سوننەکان. ئەمڕۆ ئەگەری زۆرە یەکلایی بکرێتەوە، چونکە کاتمان لەبەردەمدا نەماوە و دەبێت سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرێت بۆ ئەوەی کارەکانی پەرلەمان رانەوەستن."
 
ئەمینداری گشتیی پارتی بەیارق خەیری عێراقی پێیوایە ئەوە کەسەی دەستنیشان دەکرێت، دەبێت کۆدەنگی هێزەکانی سوننە، کورد و شیعەی لەسەر بێت.
 
رۆژی دووشەممە 11-12-2023، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە راگەێیندراوێکدا، کارنامەی کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیەی بڵاوکردەوە، کە تەنیا یەک بڕگە لەخۆدەگرێت ئەویش هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێیە بۆ پەرلەمان.
 
ئەو کەسەی دەبێتە جێگرەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی لەکارلادراوی پەرلەمانی عێراق، دەبێت لە پێکهاتەی سوننە بێت، هەرچەندە فراکسیۆن و پارتە سوننەکان خۆیان لەسەر یەک بەربژێر یەکدەنگ نین، لایەنەکانی شیعەش لەسەر بەربژێرێک یەکڕا نین، کوردیش لەو نێوانەدا هاوشێوەی ئەوان دابەشبووە و یەک بۆچوون نییە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هەر یەک لە موسەننا سامەڕایی، سالم عیساوی، خالید عوبەیدی، تەڵاڵ زەوبەعی، مەحموود مەشهەدانی، زیاد جەنابی، شەعلان کەریم، عەبدولکەریم عەبتان، موزاحیم خەیات بەنیازن خۆیان بەربژێر بکەن. چەند ناوێکی دیکەش هەن، بەڵام چانسی بوونیان بە سەرۆکی پەرلەمان کەمترە.
 
بەپێی پرەنسیپی "سازان، هاوسەنگی و هاوبەشی"، کە لەدوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە پشتی پێ دەبەسترێت بۆ پێکهێنانی کابینەکانی حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکان، پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد، سەرۆکی حکومەت بۆ شیعە، سەرۆکی پەرلەمان بۆ سوننەکانە.
 
رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە. حەلبووسی سەرۆکى پارتى تەقەدوومە و یەکێکە لە سەرکردە هەرە دیارەکانی سوننە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت