کۆمیسیۆن: هەڵبژاردنی پارێزگاکان رێکارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی خاوکردووەتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، هیچ پێشنیاز یان باسکردنێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نییە و بەردەوامن لە رێکارەکان، بەڵام بەهۆی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە رێکارەکان خاوبوونەتەوە، دەشڵێت، "لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان رێکارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان زۆر خێراتر دەکرێن."
 
رۆژی سێشەممە، 12-12-2023، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی خێراترکردنی رێکارەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە تەنیا چوار رۆژی ماوە، ئەو رێکارانەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کاریان لەسەر دەکەین خاوبوونەتەوە، بەڵام هەر بەردەوامە، لە دوای هەڵبژاردنی پارێزگاکان، رێکارەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خێراتر دەکرێنەوە و ئەو رێوشوێن و پلانانەی لە خشتەی کاردا ماون، تەواو دەکرێن."
 
عیماد جەمیل ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "بەهۆی بەردەستبوون و تەواوبوونی کارتی بایۆمەتری، تۆماری دەنگدەران، ئامێرەکان، دیاریکردنی بودجە، رێکارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان قورس و زەحمەت نابێت. بۆ بەشێکی رێکارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پشت بەو کەرستانە دەبەسترێت کە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پشتیان پێدەبەسترێت."
 
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، لەبارەی تەرخانکردنی بودجە بۆ هەڵبژاردن و خەرجنەکردنی تاوەکو ئێستا گوتی: "ئەو بابەتە ئاسانە، چونکە پێشتر بودجەی بۆ دیاریکراوە، تەنیا ماوە بودجەکە بخرێتە بەردەستی کۆمیسیۆن و ئەوەش کاری زۆری ناوێت، بۆیە ئەوە هیچ رێگریی و دواخستنێک بۆ پلانی کارەکانمان دروست ناکات."
 
بەپێی رێکارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق دەبووایە لە رۆژی چوارشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی رابردووەوە کۆمیسیۆن دەست بە وەرگرتنی لیستی بەربژێر و قەوارە و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکات، کە بڕیارە رۆژی 25ـی شوباتی ساڵی 2024 بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی دانیشتنێکی دادگەی باڵای فیدڕاڵییەوە کە تێیدا سکاڵا لەسەر پینج مادەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، وەرگرتنی لیستەکان بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.
 
بڕیارە رۆژی 27-12-2023، دادگەی فیدراڵی بۆ بڕیاردان لەسەر سکاڵایەک کە لە دژی مادەکانی 1، 9، 15، 22 و 36 ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە، کۆببێتەوە، سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، سەرۆکی فراکسیۆنی کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون و تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان.
 
پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی رۆژی 09-10-2022 تەمەنی خۆی بۆ 31-12-2023 درێژکردەوە، لەکاتێکدا 6-11-2022 خولەکە کۆتایی دەهات.
 
رۆژی سێشەممە، 30-5-2023، دادگەی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نادەستووری و نایاساییە، هەرشتێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە لە رووی دەستوورییەوە "پووچەڵە".