دادگەی فیدراڵی بۆ سکاڵای دواخستنی هەڵبژاردنی کەرکووک کۆدەبێتەوە

12-12-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ سێشەممە، دادگەی فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کەرکووک و وردبینیکردنی تۆماری دەنگدەرانی پارێزگاکە، کۆدەبێتەوە، پەرلەمانتارێکی نوێنەری کەرکووکیش دەڵێت: "سەرۆکوەزیران و بەشی هەرە زۆری لایەنەکانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت."
 
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 12-12-2023، دادگەی فیدراڵی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەک کە پێشتر دوو سکاڵا بوو، لە دژی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تۆمارکراوە، کۆببێتەوە.
 
سکاڵاکان، لەلایەن سەفوەت ساڵح بەنا، بەربژێری بەرەی یەکگرتووی تورکمانی عێراقەوە تۆمارکراوە و داوا دەکات دادگەکە کۆمیسیۆن پابەندبکات بە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک، تاوەکو ئەو کاتەی تۆمارێکی وردی دەنگدەران دەکرێت. سکاڵای دووەمیش لەلایەن نەجاح حەسەن تائی، بەربژێری هاوپەیمانیی قیادەی سوننەکان تۆمارکراوە و هەمان داواکاری هەیە، ئێستا سکاڵاکە بەناوی ئەمەی دواییانەوە تۆمارکراوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 01-11-2023، بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، بڕیارە هەڵبژاردنەکە لە 18-12-2023 بەڕێوەبچێت.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کە لە 15 کورسی و کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە، کورد تێیدا بە پێنج لیست بەشداری هەڵبژاردن دەکات.
 
پێشتر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵەکانی 2009 و 2013 کراوە، بەڵام لە ساڵی 2005ـەوە لە کەرکووک نەکراوە.
 
سەباح حەبیب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی کە یەکێکە لە نوێنەرانی کورد لە کەرکووک، رۆژی سێشەممە، 12-12-2023، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو سکاڵایە هیچ ئەنجامێکی نابێت و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاکە نابێت، چونکە بەشی هەرە زۆری لایەنەکانی نێو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و چوارچێوەی هاوئاهەنگی و لایەنە کوردستانییەکان و خودی سەرۆکوەزیرانیش لەگەڵ ئەوەدان کە هەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت و دوانەخرێت."
 
لە هەڵبژاردنی 2005ـی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا کە ژمارەی کورسییەکانی 41 کورسی بوو، (لیستی برایەتیی کەرکووک) کە لیستێکی کوردستانی بوو 26 کورسی بەدەستهێنا و بەو جۆرەش پارێزگاری پارێزگاکە لە کورد بوو. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت