قاسم ئەعرەجی بۆ مەکگۆرک: هەبوونی دۆخێکی ئارام لە بەرژەوەندیی عێراقدایە

12-12-2021
عەلی زەڵمی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەگەڵ رێکخەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا کۆبووەوە و لەبارەی دۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق و ناوچەکە قسەیان کرد.
 
نووسینگەی میدیایی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڵاویکردەوە، رۆژی یەکشەممە 12-12-2021 قاسم ئەعرەجی لە نووسینگەی خۆی لە بەغدا پێشوازیی لە برێت مەکگۆرک، رێکخەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا و شاندی یاوەری کرد.
 
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، مەکگۆرک پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بە ئەنجامەکانی دانوستاندنی ستراتیژی لەگەڵ عێراق دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، حکومەتی وڵاتەکەی لەسەر بنچینەی رێککەوتنەکە ئاسمان، زەوی و ئاوی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکارناهێنێت، "ئەمریکا کاردەکات بۆ بەهێزکردنی توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا".
 
هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، مەکگۆرک رایگەیاندووە وڵاتەکەی هەڕەشە نییە بۆسەر هیچ وڵاتێک و جەختی لەوەش کردەوە کە "دووژمنی هاوبەش بریتییە لە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش"؛ گوتووشیەتی، بەرژەوەندیی ستراتیژیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەبوونی عێراقێکی بەهێز و حکومەتێکی بەهێزدایە لە عێراق.
 
ئەعرەجیش ئاماژەی بەوە کرد، دیالۆگ لەگەڵ وڵاتانی دیکە پێویستە و گوتیشی، حکومەتی عێراق لەگەڵ هەموو لایەک کاردەکات و "هەبوونی دۆخێکی ئارام لە بەرژەوەندیی عێراقدایە".
 
ئەعرەجی ئاماژەی بەوەش کردووە، عێراق کاردەکات بۆئەوەی ئەم قۆناخە تێپەڕێنێت و هەنگاو بنێت بە ئاراستەی بەهێزکردنی ئارامی و ئاسایش و سەقامگیریی خۆی و پەرەدان بە تواناکانی لە هەموو بوارەکاندا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق

فایەق زێدان: سێجار پۆستی سەرۆکوەزیرانم رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکەمەوە

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێت، تاوەکو ئێستا سێ جار پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی رەتکردووەتەوە و ئێستاش رەتیدەکاتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، سەرکردەکانی کورد ویستی جیاکردنەوەی هەرێمی کوردستانیان لە عێراق نییە.