رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکی ئەمریکی بڕیاری دا سێ هاووڵاتیی عێراقی بە 42 ملیۆن دۆلار قەرەبوو بکرێنەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە ساڵانی 2003 و 2004 لەلایەن کارمەندانی کۆمپانیایەکی سەربازیی ئەمریکییەوە ئەشکەنجە درابوون.
رۆژی 12ی تشرینی دووەمی 2024 دەستەی سوێندخۆرانی دادگەی فیدراڵیی ڤێرجینیا لە بڕیارێکدا بۆ کۆمپانیای (سی ئەی سی ئای) رایگەیاند، پێویستە بە 42 ملیۆن دۆلار قەرەبووی سێ هاووڵاتیی عێراقی بکەنەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە ساڵانی 2003 و 2004 کارمەندەکانیان لە زیندانی ئەبوغرێب سێ هاووڵاتییە عێراقییەکەیان ئەشکەنجە داوە.
بەپێی بڕیاری دادگە ئەمریکییەکە سەهیل شەمەری، سەڵاح عەجیلی و ئەسعەد زوبەیع هەریەکەیان بە 14 ملیۆن دۆلار قەرەبوو دەکرێنەوە.
تیمی پارێزەرانی کۆمپانیاکە لە ویلایەتی ڤێرجینیا رایانگەیاند، ئەوان لەگەڵ سەربازانی سوپای ئەمریکا و بەگوێرەی رێککەوتنێک کاریان کردووە.
ئەو سێ عێراقییە بە دادگەکەیان راگەیاندووە، لەلایەن سەرباز و کارمەندە ئەمریکییەکانەوە ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی، دەستدرێژیی سێکسی، ئەشکەنجەدان بە کارەبا و ترساندن بە سەگ سزادراون.
ساڵی 2008 داواکە لەلایەن ئەو سێ عێراقییەوە لە دژی ئەو کۆمپانیا ئەمریکییە تۆمار کرا، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویستەوە 15 ساڵی پێویست بووە بۆ یەکلاکردنەوە.
ساڵی 2003 ئەمریکا هێرشی کردە سەر عێراق و بەناوی "پرۆسەی ئازادی"یەوە سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراقی لە کار لادا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ