بانکی فیدراڵیی ئەمریکا دۆلار دەداتە 10 بانکی عێراق

12-11-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن دۆلار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ  

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، زیادکردنی ژمارەی ئەو بانکانەی لەلایەن ئەمریکاوە دۆلاریان پێدەدرێت بۆ ئەوەی بڕی پارەیان (رەسیدەکانیان) پێ زیادبکەن بۆ 10 بانک، کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر بەهای دیناری عێراق نابێت. دەشڵێت، "پێنج هۆکار لەپشت دابەزینی بەردەوامی بەهای دینارن، یەکێکیان خەرجنەکردنی ئەو پارەیە کە لە بودجەدا هاتووە."
 
رۆژی یەکشەممە، 12-11-2023، سەرچاوەیەکی بانکی ناوەندیی عێراق لەبارەی زیادکردنی ژمارەی ئەو بانکانەی لەلایەن ئەمریکاوە دۆلاریان پێدەدرێت، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەپێی رێککەوتنی نێوان بانکی ناوەندیی عێراق و بانکی فیدڕاڵیی ئەمریکا، ژمارەی ئەو بانکە عێراقییانەی وەرگرتنی دۆلار دەیانگرێتەوە و دەتوانن راستەوخۆ لە وەرگرتنی دۆلار لە ئەمریکاوە سوودمەندبن، بۆ 10 بانک زیادکراون." 
 
گوتیشی، "ئەو 10 بانکە دەتوانن یەدەگیان بە دۆلار بەهێزتر بکەن، ئەو پارەیەشی وەریدەگرن لە رێگەی دوو بانکەوە دەبێت، پێنج لە بانکەکانی عێراق لە رێگەی(Citi bank)ـەوە دۆلار وەردەگرن و ئەو پێنجەکەی دیکەش لەرێگەی (JP Morgan)ـەوە."
 
بەپێی بانکی ناوەندیی عێراق، ژمارە ئەو بانکانەشی رەسیدی خۆیان بە دراوی یوانی چینی بەهێزدەکەن لەرێگەی بانکی گەشەپێدانی سەنگاپوورییەوە دەکرێتە 13 بانک، هەروەها لە دوو هەفتەی داهاتوو ژمارەی ئەو بانکانەشی یەدەگی خۆیان بە رووپییەی هیندی زیاد دەکەن بۆ ژمارەیەک بانک زیاد دەکرێن."
 
رۆژی یەکشەممە، 12-11-2023، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر بەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی نابێت، بەڵکو ئەوەی کاریگەریی لەسەر دابەزینی بەردەوامی بەهای دینار هەیە پێنج هۆکارن."
 
لەبارەی هۆکارەکانیشەوە روونیدەکاتەوە، "دۆلار بەکەمی دێتە نێو عێراقەوە، بانکی فیدڕاڵیی ئەمریکا تووندە لە مامەڵەکردن لەو بابەتە، هەروەها ئاڵۆزییەکانی بانکی ناوەندی لە پرسی دۆلار و پێدانی هۆکارێکی دیکەیە لە پاڵ کۆنتڕۆڵنەکردنی ئەو مافیایانەی دەستیان بەسەر بازاڕ و دۆلاردا گرتووە لەلایەن عێراق، لەگەڵ بڕیاری حکومەت بۆ خەرجنەکردنی زۆرینەی پارەی تەرخانکراو لە بودجە لە ئەم ساڵدا هۆکارێکی دیکەیە، تاوەکو ئەوانە چارەسەر نەکرێن، بەهای دینار وەکو پێویست بەرز نابێتەوە."
 
زیادکردنی رەسیدی بانکی، بریتیە لە دابینکردنی دۆلار و پێدانی بۆ ئەو بانکانە بۆ ئەوەی بازرگانان و هاوردەکاران راستەوخۆ سوودیان لێوەربگرن، بەتایبەت لە کڕینی کاڵا و شمەک لە دەرەوەی عێراق و ئاڵوگۆڕکردن و حەواڵەکردنیش ئاسان دەکات.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو  ئەو بانکانەی پێشتر بۆیان هەبوو رەسیدیان بە دۆلار بێت و رێگەپێدرابوون ئەم بانکانە بوون" بانکی تی بی ئای، بانکی ئەهلی، بانکی بەغدا، بانکی مەنسوور و بانکی ئەبوزەبیی ئیسلامی."
 
ئەو بانکانەی بۆ پتەوکردنی رەسیدیان بە دۆلار زیادکراون بریتیین لە بانکەکانی"گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، بانکی عێراقیی ئیسلامی، بانکی باشووری ئیسلامی، بانکی ئاشوور و بانکی RT ."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سوودانی و پارێزگاری نەینەوا

سوودانی گەیشتە نەینەوا

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە پارێزگای نەینەوا. ژمارەیەک پڕۆژە دەکاتەوە و لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگاکەش کۆدەبێتەوە.