7 هەزار مێگاوات کارەبا لە عێراق کەمیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
7 هەزار مێگاوات کارەبا لە عێراق کەمیکردووە و حکومەت پلانی هەیە لە سێ ساڵی داهاتوودا 11 هەزار مێگاوات کارەبا زیاد بکات.
ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، رۆژی یەکشەممە 12-11-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێستا کەشوهەوا بە جۆرێکە کە نە ساردە و نە گەرمە، ئەوەش وایکردووە کارەبا زۆر بەکارنەهێندرێت، بۆیە دەستیان بە نۆژەنکردنەوەی چەندین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا کردووە، وەک ئامادەکارییەک بۆ وەرزی سەرما، کە تێیدا بەکارهێنانی کارەبا دەگاتە لووتکە.
ئەحمەد موسا عەبادی دەڵێت، بەهۆی نۆژەنکردنەوەی وێستگەکانەوە، بەرهەمهێنانی کارەبا لە 26 هەزار مێگاواتی رۆژانەوە بۆ نزیکەی 18 هەزار مێگاوات کەمبووەتەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق لە لووتکەی بەکارهێناندا پێویستی بە 37 هەزار مێگاوات کارەبایە.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، وەزارەتەکەیان پلانی هەیە لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا بەرهەمهێنانی 11 هەزار مێگاوات کارەبا زیاد بکات، ئەوەش لە رێگەی دروستکردنی چەندین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەباوە.
ئەحمەد موسا دەڵێت، لە وەرزی هاوین و زستاندا بەکارهێنانی کارەبا لە عێراق زیاد دەکات، گوتیشی ''زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و بەکارهێنانی پێداویستیەکان وایکردووە، ساڵانە دوو هەزار مێگاوات خواست و پێویستی بەکارهێنانی کارەبا زیاد بکات.''
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاماژە بەوە دەدات، ئێستا عێراق رۆژانە 35 ملیۆن مەتر سێجا گاز لە ئێرانەوە هاوردە دەکات و لە بەگەڕخستنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبادا بەکاردەهێنرێت.