دادگەی فیدراڵیی عێراق تاوتوێی سکاڵایەک دژی ناردنی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەکات

12-11-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن دادگای باڵای فیدراڵی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ بۆ تاوتوێکردنی سێ سکاڵا کۆدەبێتەوە. یەکێکیان پەیوەندی بە ناردنی بڕی 700 ملیار دینارەوە هەیە کە دوو مانگە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت و بڕیارە ئەم مانگەش بنێردرێت. 
 
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سکاڵاکەی سەبارەت بە 700 ملیار دینارەکە تۆمارکردووە. یەکێکی دیکەش لە سکاڵاکان لەلایەن سکرتێری حیزبی شیوعی عێراقەوە لەسەر سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمارکراوە.
 
بەپێی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ (یەکشەممە 12-11-2023) دادگەکە بۆ تاوتوێکردنی سێ سکاڵا کۆببێتەوە. یەکێکیان پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە.
 
ئەو سکاڵایە لەلایەن پەرلەمانتار مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە تۆمارکراوە و تێیدا داوایکردووە، دادگەکە بڕیارێکی حکومەتی عێراق رەتبکاتەوە، کە تایبەتە بە ناردنی بڕی 700 ملیار دینار لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ سێ مانگ. 
 
ئەو پەرلەمانتارە داوایکردووە، دادگەکە بڕیاری ژمارە 23500ـی ساڵی 2023 و هەموارەکەی؛ هەروەها بڕیاری 23520ـی ساڵی 2023ی حکومەتی عێراق تایبەت بە پێدانی بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، واتە مانگانە 700 ملیار دینار، رابگرێت.
 
رۆژی یەکشەممە 12-11-2023، عارف حەمامی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی سکاڵاکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو سکاڵایە هیچ ئەنجامێکی نابێت، چونکە ئەو پارەیەی حکومەتی عێراق دەیدات بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە قەرزە و بۆ مووچەی فەرمانبەرانە و لەکۆتایی ساڵدا قەرزەکە پاکتاودەکرێت".
 
سکاڵای دووەم کە دادگەی فیدراڵیی عێراق تاوتوێی دەکات، سکاڵایەکی رائید فەهمی، سکرتێری حیزبی شیوعیی عێراقە کە لەسەر هەریەک لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆماریکردووە.
 
لە سکاڵاکەدا رائید فەهمی داوای کردووە دادگەکە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پابەندبکات بە تەواوکردنی ژمێری کۆتایی لەو چوارچێوەیەی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵیی ژمارە 6ـی ساڵی 2019، لەنێویاندا ژمێری کۆتایی ساڵانی رابردووش کە تاوەکو ئێستا نەکراوە.

 

رائید فەهمی هەروەها داوایکردووە دادگەی فیدراڵی، حکومەتی عێراق پابەندبکات بە پێشکێشکردنی ژمێری کۆتایی بە پەرلەمان پێش پەسندکردنی یاسای بودجە، بۆئەوەی لەگەڵ حوکمەکانی بڕگەی یەکەمی مادەی 62ـی دەستووری عێراق بگونجێت و دەشڵێت، پێویستە پەرلەمان بودجەی ساڵانە پەسند نەکات، ئەگەر ژمێری کۆتایی ساڵانی رابردوو پێشکێش نەکرێت.

 
رۆژی یەکشەممە 12-11-2023 رائید فەرهمی، سکرتێری حیزبی شیوعی عێراق لەبارەی سکاڵاکەیەوە بە رووداوی گوت، "هەموو ساڵێک پەرلەمانی عێراق بێ ئەوەی ژمێری کۆتایی ساڵی رابردووی خەرجی و داهاتەکانی لابێت، رەشنووسی بودجەی ئەو ساڵە پەسند دەکات، لەکاتێکدا بەپێی یاسا بەرکارەکان ئەوە نابێت، نادەستووری و نایاساییە. دەبێت حکومەت هەموو ساڵێک ژمێری کۆتایی تایبەت بە خەرجی و داهاتەکان رادەستی پەرلەمان بکات. داوامکردووە ئەو بارە لارە، راست بکرێتەوە." 
 
ژمێری کۆتایی بریتییە لە تۆمارێکی دارایی بۆ دەرخستنی چالاکیی دارایی هەر وڵات یان دامەزراوەیەک لەماوەی ساڵێکی دارایی کە لە رۆژی 1-1ـی هەموو ساڵێک دەستپێدەکات و تاوەکو 31-12 بەردەوام دەبێت، تێیدا سەرجەم رۆیشتوو و هاتوو لە داهات و خەرجی و پارەی دیکەی تێدا رووندەکرێتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە