سوودانى: ئەگەر دەستوور چەتر بێت هەموو کێشەکان لەگەڵ هەرێمى کوردستان چارەسەریان هەیە

12-11-2022
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، ئەگەر رێکبکەون لەسەر ئەوەی دەستوور چەترێکى هەمیشەیی بێت، سەرجەم کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا "چارەسەر"یان دەبێت. دەشڵێت: "لەسەر ئەو پرسە راستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانى هەرێمى کوردستان قسەم کردووە." 
 
رۆژی شەممە 12ى تشرینى دووەمى 2022، نووسینگەى رۆژنامەڤانى محەممەد شیاع سوودانى لە راگەیێندراوێکدا چەند گوتەیەکى سەرۆکوەزیرانى بڵاوکردەوە لەکاتی دیدارى لەگەڵ ژمارەیەک لە شرۆڤەکارانى سیاسیى عێراق.
 
محەممەد شیاع سوودانى رایگەیاندووە کە ئاڵنگارییەکان بۆ ئەوان روونن و لەسەر ئەو بنەمایە کارنامەى حکومەتەکەى دانراوە کە وادەى دیاریکراوى تێدایە بۆ هەموو پرسەکان لە ساڵێک بۆ سێ ساڵ. دەشڵێت: ئەگەر لەسەر ئەوە رێکبکەوین کە هەمیشە دەستوور چەترمان بێت، سەرجەم کێشەکانى نێوان بەغدا و هەولێر چارەسەر دەبن و لەسەر ئەو پرسەش راستەوخۆ قسەم لەگەڵ بەرپرسانى هەرێمى کوردستان کردووە. 
 
رۆژی 27ى تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى عێراق متمانەیدا بە حکومەتى نوێى عێراق و کارنامەکەى کە بەشێکیان پەیوەندارن بە چارەسەرى کێشەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراق بەتایبەت پرسى نەوت و بودجە و مادەى 140. 
 
سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوەدا وە کە وڵاتەکەى دەیەوێت نرخى نەوت سەقامگیر بێت و نرخەکەى لە 100 دۆلار تێنەپەڕێت. دەشڵێت: "لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیدا دروستکردنی سندووقى بوژاندنەوەمان جێگیرکردووە کە پارەکەى لە رێژەیەکى داهاتى نەوت دابین دەکرێت بۆ پارەدارکردنى پڕۆژەکانى نیشتەجێبوون و پەروەردە و تەندروستى و بوارى دیکە." 
 
لەبارەى پرسى گەندەییەڵەوە، محەممەد شیاع سوودانى رایگەیاندووە کە بۆ بنەبڕکردنى ئەو دیاردەیە دەچنە نێو رێگە "هەستیارەکانی" دۆسیەکانەوە. دەشڵێت: " سەرەتا چاکسازى لەو دامەزراوەنەوە دەستپێدەکەین کە پەیوەندارن بە بنەبڕکردنى گەندەڵی." 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە