پەرلەمانی عێراق لیژنەیەک لەبارەی گواستنەوەی میلاکی مامۆستا و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی پێکدەهێنێت

12-11-2022
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق، لیژنەیەک پێکدەهێنێت بۆ کۆکردنەوەی داتا لەبارەی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی کە لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانن و لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کاردەکەن، تاوەکو میلاکیان بۆ سەر حکومەتی فیدراڵیی عێراق بگوازرێتەوە. 
 
رۆژی شەممە 12-11-2022، نەجوا کاکەیی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی پێکهێناوە بە سەرۆکایەتیی زەیتوون دلێمی، سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و چوار ئەندامی لیژنەکە تاوەکو لەگەڵ هەردوو وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هاوئاهەنگی بکەن بەمەبەستی کۆکردنەوە داتا لەبارەی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی کە لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانن و لە قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان خزمەت دەکەن. 
 
نەجوا کاکەیی ئەندامی لیژنەکەیە و دەڵێت، هەموو داتا و زانیارییەکان کۆدەکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت میلاکی ئەو کەسانە بخرێتە سەر  وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی عێراق و ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کارە بەشێکە لە کارنامەی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی.
 
بەپێی کارنامەی وەزاریی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرجەم قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی کە دەکەونە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەخرێنە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خوێندنی کوردی لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی فیدراڵیی وڵات و میلاکیان بۆ سەر ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دەگوازرێتەوە. 
 
بەپێی ئامارەکانی ساڵی2021، لە کەرکووک نزیکەی 10 هەزار مامۆستا لە 550  قوتابخانەی خوێندنی کوردی، وانە دەڵێنەوە. 
 
نزیکەی 8 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری خوێندنی کوردیی کەرکووک مووچەیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێدەدرێت. لە قەزای شنگال نزیکەی 300 مامۆستای وانەبێژ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەیان بۆ دابین دەکرێت کە وانە بە نزیکەی 12 هەزار قوتابی لە 56 قوتابخانە دەڵێنەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە