وەزارەتی پەروەردەی عێراق: ئەمساڵ پشت بە کورتکردنەوەی پرۆگرامی خوێندن دەبەستین

12-11-2020
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن خوێندن لە عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەمساڵ پشت بە شێوازی کورتکردنەوەی پرۆگرامی خوێندن دەبەستن و رێکاری تووند لە قوتابخانەکاندا دەگرنەبەر.
 
فەلاح قەیسی، بریکاری کارگێڕیی وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەیان بڕیاریداوە "ئامادەنەبوونی قوتابیان، بە نەهاتن هەژمار نەکرێت"، چونکە ئەمساڵ ساڵێکی تایبەتە و جیاوازە لە ساڵانی خوێندنی رابردوودا.
 
هاوکات بریکاری کارگێڕیی وەزارەتی پەروەردەی عێراق داوا لەو خێزانانە دەکات، کە ترسیان هەیە ئەگەر بیاننێرنەوە بۆ قوتابخانە منداڵەکانیان تووشی کۆرۆنا ببن، "ئەوا با دڵنیابن ژینگە و کەشی تەندروستی بۆ قوتابیان دابینکراوە، رێکاری تووندی پاککردنەوە و بەکارهێنانی ماسک دەگرنەبەر، لەگەڵ دەرمانپرژاندن لە هۆڵەکانی خوێندن و قوتابخانەکان".
 
وەزارەتی تەندروستیش هاوئاهەنگیی کردووە لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی و هەردوو رێکخراوی یونیسێف و میرسی کور بۆ دابینکردنی ماددەی پاککەرەوە و ماسک.
 
فەلاح قەیسی دەڵێت، وەزارەتی پەروەردە داوای لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی بەغدا و پارێزگاکان کردووە پشت بە شێوازی کورتکردنەوەی پرۆگرامی خوێندن ببەستن لەکاتی خوێندن و تاقیکردنەوەکانی وەرزی و نیوەی ساڵ لە چوارچێوەی پلانی ساڵی نوێی خوێندن.
 
ئەو بەرپرسە لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق جەختی لەوەش کردەوە، قوتابیان هەفتەی رۆژێک دەچنە قوتابخانە، کە دەبێتە تەواوکەری ئەو زانیارییانەی لەڕێگەی هەرسێ کەناڵی پەروەردەی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی، هەر وانەیەک 30 خوولەکە، لەگەڵ رەچاوکردنی دووریی کۆمەڵایەتیی نێوان قوتابیان، نابێت هەر پۆلێکیش لە 12 قوتابی زیاتربن.
 
لە ماوەی رابردوودا، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئاستەنگ بۆ سەرجەم کەرتە حکومی و تایبەتەکان دروستبوو، لەنێویاندا کەرتی پەروەردە، بەشێوەیەک کە دەوام لە سەرجەم قوتابخانەکان بۆ ماوەی چەند مانگێک راگیرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە