تەقینەوەیەک لە قەزای ئەبوغرێب روویدا

12-11-2016
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن تەقینەوە بەغدا ئەبوغرێب
A+ A-

رووداو- هەولێر

تەقینەوەیەک لە رۆژئاوای بەغدا روویدا و، بەهۆیەوە 9 کەس کوژران و برینداربوون.

دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە 12-11-2016، بۆمبێکی چێنراو لە قەزای ئەبوغرێب-ی رۆژئاوای بەغدا تەقییەوە، بەپێی سەرچاوەیەكی رووداو لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بەهۆی تەقینەوەكە دوو کەس کوژراون و حەوتی دیکە برینداربوونە.

لەدوای ساڵی 2003 ەوە، عێراق بەگشتی و شاری بەغدا بەتایبەتی  رۆژانە کردەوەی تووندوتیژی بەخۆوە دەبینێت، بەهۆیەوە رۆژانە دەیان کەس دەبنە قوربانی، بۆیە وەک رێککارێکی ئەمنی، چەندین شەقام و ناوچە داخراون.

رۆژی سێشەممە 1/11/2016، رێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) ئاماری کردەوە تووندوتیژیییەکانی مانگی تشرینی یەکەمی رابردووی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە، لەو مانگدا هەزار و 792  کەس کوژراون و هەزار و 358 کەسی دیکەش برینداربوونە.

یونامی ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی كردەوە تووندوتیژییەكان زۆرترین زیان بەر پارێزگای بەغدا کەوتووە و، هەزار و 75 کەس بوونەتە قوربانی، لەو ژمارەیە 268 کەس کوژراون و 807ی دیکە برینداربوونە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە