سوودانی: دەنگی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان پارێزراوبێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان جەخت لەوە دەکاتەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پاک و بێگەرد بێت و گەرەنتی پاراستنی دەنگی دەنگدەران بکرێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 12-10-2024، محەممەد شیاع سوودانی، پێشوازی لە عومەر ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئەندامی ئەنجوومەنەکە کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی، ئامادەیی کۆمیسیۆن، ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و تەواوکردنی سەرجەم رێکارە پێویستەکان بۆ بەڕێوەچوونی ئەو کارە دیموکراسییە کرا.
محەممەد شیاع سوودانی جەختی لەوەکردەوە، "حکومەت پشتیوانی هەوڵەکانی کۆمیسیۆن دەکات و سەرجەم پێویستییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن دابین دەکات".
هەروەها دووپاتیکردەوە، "پێویستە کۆمیسیۆن و کارمەندەکانی، هەوڵی تەواو بدەن بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و پشتبەستن بە بێلایەنی، پاک و بێگەردی و بەدیهێنانی دادپەروەریی هەڵبژاردن، کە گەرەنتی پاراستنی دەنگی دەنگدەران بکات لە هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و بێگەرد، کە خواستی خەڵکی هەرێم بەدیبهێنێت".
بڕیارە 20ی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.